رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەریی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 378 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە. راشیگەیاند، تەنیا دوو رۆژ ماوە بۆ وەرگرتنی گەنم، وادەکەش درێژناکرێتەوە". رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ بڕی 378 هەزار و 907 تۆن گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە. دەکاتە 97٪ـی تەواوی ئەو گەنمەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە." دابەشبوونی گەنمی وەرگیراو بەسەر پارێزگاکاندا، بەم شێوەیەیە؛ پارێزگای هەولێر: 120 هەزار و 257 تۆن پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: 145 هەزار و 557 تۆن پارێزگای دهۆک: 113 هەزار و 93 تۆن. لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی رادەستکردنی گەنم، نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "بڕیار بوو دوێنێ وادەی وەرگرتنی گەنم تەواو بێت، بەڵام چونکە لە رۆژانی سەرەتا لە سیستەمە ئەلکترۆنییەکەدا کێشەمان هەبوو و هەندێک جووتیار نەیانتوانی ناویان تۆمار بکەن، داوامان لە بەغدا کرد و ئەوانیش رەزامەندییان دا کە وادەکە بۆ سێ رۆژ و تاوەکو 18ـی مانگ درێژ بکرێتەوە." بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی داوایەکی ئاراستەی جووتیاران کرد و دەڵێت: "ئەو جووتیارانەی کە ناویان لە لیستەکاندا هەیە، پێویستە بە زووترین کات بێن و گەنمەکانیان رادەست بکەن، چونکە لە دوای 18ـی مانگەوە بە هیچ شێوەیەک کاتەکە درێژ ناکرێتەوە." ئەو گەنمەی خراپ بێت رەتدەکرێتەوە و وەرناگیرێت. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی باسی لەوەکرد کە: "رەتکردنەوەی گەنم تەنیا لەبەر ئەو هۆکارە دەبێت کە گەنمەکە بۆگەن بووبێت. هەر کەسێک گەنمەکەی بەهۆی بۆگەنییەوە رەت بکرێتەوە، بۆ ماوەی 2 ساڵ مافی ئەوەی نابێت گەنم پێشکەش بە سایلۆکان بکات، بەڵام خۆشبەختانە ئەم ساڵهیچ گەنمێک بەو هۆکارە رەتنەکراوەتەوە." 12ـی حوزەیرانی 2026، وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و دواتریش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانە و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێ. ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.
هەواڵە ناوخۆییەکان16-07-2026ئاگرەکەی سنووری هەڵەبجە بەردەوامە؛ سێ کەس بریندار بوون و هەزاران دۆنم دارستان سووتاوە