رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ راگەیاند، پەتاتە لە هەرێمی کوردستان گەشەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2026 بگاتە زیاتر لە 1 ملیۆن تۆن.
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵانە لەسەر نزیکەی 30 بۆ 35 هەزار دۆنم زەوی پەتاتە دەچێندرێت."
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە دوو وەرزدا پەتاتە دەچێندرێت، بەرهەمی بەهارە، کە لە مانگی شوبات دەچێندرێت و لە مانگی ئایار و حوزەیران کۆدەکرێتەوە. وەرزی دووەمیش لە مانگی 8ـەوە دەستپێدەکات و و لە مانگی 11 و 12 کۆتایی دێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، گوتی: "پێویستیی ساڵانەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پەتاتە، نزیکەی 100 هەزار بۆ 150 هەزار تۆنە. ئێمە ئاستی خۆبژێویمان تێپەڕاندووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە وەرزی بەرهەمهێنانی پەتاتە لە کوردستان کورتە و بۆ هەموو 12 مانگی ساڵ بەردەوام نییە، لەوکاتەی بەرهەمی ناوخۆ لە بازاڕدا نامێنێت، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی هاووڵاتییان پەنا بۆ هاوردەکردنی پەتاتە دەبەین."
لەبارەی بە بازاڕکردن و هەناردەی پەتاتەی کوردستان، قارەمان قادر دەڵێت: "ئەو بەرهەمەی کە لە بەشی نێوخۆ زیادە، هەناردەی ناوەڕاست و خواری عێراق رەوانە دەکرێت".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ پێشبینی بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بگاتە 1 ملیۆن تۆن و زیاتریش.
ئامارەکانی گەشەی پەتاتە 2019 بۆ 2025
بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دراون بە رووداو، بەم شێوەیەیە:
ساڵی 2019: 119 هەزار و 68 تۆن
ساڵی 2020: 121 هەزار و 662 تۆن
ساڵی 2021: 170 هەزار و 633 تۆن
ساڵی 2022: 347 هەزار و 766 تۆن
ساڵی 2023: 751 هەزار و 530 تۆن
ساڵی 2024: 969 هەزار و 937 تۆن
ساڵی 2025: 1 ملیۆن و حەوت هەزار و 316 تۆن
یاداشتی لێکتێگەیشتنی وەزارەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی چپس و فینگەر:
وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ پشتگیریکردنی جووتیاران، یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ چەندین کۆمپانیا واژۆ کردووە بۆ وەرگرتنی بەرهەمی ساڵانەی جووتیاران:
کۆمپانیای بیروت - هەولێر (قوشتەپە): بڕی 15 هەزار تۆن بۆ بەرهەمهێنانی چپس و فینگەر.
کۆمپانیای گرین عێراق - سلێمانی (بازیان): بڕی 35 هەزار تۆن بۆ دروستکردنی خواردەمەنی ئامادەکراو.
کۆمپانیای لۆنا - سلێمانی (تانجەرۆ): بڕی 4 هەزار تۆن بۆ پیشەسازی و بازرگانی گشتی.
کۆمپانیای زین سناکس - هەولێر (قوشتەپە): بڕی 12 هەزار و 500 تۆن بۆ بەرهەمهێنانی خۆراکی سووک.
کارگەی کرۆم - هەولێر (پیرزین): بڕی 2 هەزار و 400 تۆن بۆ بەرهەمهێنانی جپسی پەتاتە.
کۆمپانیای گۆڵدن ئیرت - هەولێر (بەحرکە): بۆ دروستکردنی (فینگەر).




