رووداو دیجیتاڵ زیاتر لە مانگێکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، لە هەندێک ناوچە نرخی لیترێک بەنزینی سوپەر هەزار و 550 دیناری تێپەڕاندووە. بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، کەمیی نەوتی خاو، پچڕانی هاوردە و زیادبوونی 30%ـی خواست، هۆکاری سەرەکی ناجێگری و دانەبەزینی نرخەکانن. هەولێر و دهۆک؛ بەرزترین نرخ و گۆڕانکاریی کتوپڕ لە پارێزگای دهۆک، نرخەکان جێگیر نین و بە شێوەیەکی رۆژانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "تەنیا لە دوو رۆژدا نرخی یەک لیتر بەنزین بە گشتی 50 دینار دابەزی، بەڵام رۆژی چوارشەممە 50 دینار بەرزبووەوە." ئێستا لە دهۆک نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە نێوان 1 هەزار و 50 دینار بۆ 1 هەزار و 150 دینارە، موحەسەن 1400 و سوپەریش گەیشتووەتە 1,500 دینار. لە هەولێریش نرخی بەنزین روو لە بەرزبوونەوەیە؛ رەشید حەمید، ئەندامی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تەنیا لە دوای رۆژی شەممەوە، نرخەکان 150 دینار گرانتر بوون. ئێستا بەنزینی نۆرماڵ بە 1,150 دینارە، موحەسەن بە 1,350 دینارە و سوپەریش گەیشتووەتە 1,550 دینار. ئومێد ئەحمەد، بازرگانی بەنزین لە هەولێر بە رووداوی گوت: "هۆکاری گرانبوونی نرخەکەی ئەوەیە کە بەرهەم لە پاڵاوگەکانی کار و لاناز کەم بووە؛ ئێمە لە پاڵاوگەی کار بەنزین وەردەگرین و چوارشەممە لیترێکی بەنزینی سوپەرمان، بە 1,190 دینار وەرگرتووە. هەروەها بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وەرزی هاوین وایکردووە خواست لەسەری زیاد بێت، ئەوەش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان." سلێمانی و هەڵەبجە؛ زیادبوونی خواست و کەمی بەرهەم بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو کە بەنزینی ئێرانی بۆ بازاڕی سلێمانی و هەڵەبجەی دەهات، ئێستا ئەو سەرچاوەیە کەمی کردووە . بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "پێشتر بەنزین لە ئێرانەوە دەهات، بەڵام ئێستا زۆر کەم بووە و بازرگانان بە گرانی دەستیان دەکەوێت." ئەم کەمی بەرهەمە، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پارێزگای هەڵەبجەش هەبووە. سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە رایگەیاند، ئەوان لە رووی دابینکردنی سووتەمەنییەوە لەگەڵ سلێمانی هەمان نرخ و سەرچاوەی دابینکردنیان هەیە، بۆیە قەیرانەکە بە هەمانشێوە ئەو پارێزگایەشی گرتووەتەوە. لە سلێمانی و هەڵەبجە بەنزینی نۆرماڵ بە 1,050 دینار، موحەسەن بە 1,300 دینار و سوپەریش بە 1,400 دینارە. کێشەکە لە کوێیە؟ پاڵاوگەکان یان خواست؟ بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، چەند هۆکارێکی سەرەکی لە پشت ئەم گرانبوونەوەن: کەمیی نەوتی خاو: کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک ئاماژە بەوە دەکات کە نەوتی خاو بە ئەستەم دەگاتە پاڵاوگە بازرگانییەکان، ئەمەش بەرهەمهێنانی ناوخۆیی کەمی کردووە. پچڕانی هاوردە: پێشتر بەنزین لە ئێران و دووبەیەوە دەهات، بەڵام ئێستا ئەو سەرچاوانە وەستاون یان زۆر کەم بوونەتەوە. زیادبوونی خواست: بەدواداچوونی رووداو لە کۆمپانیای لاناز دەریخستووە کە وەرزی هاوین و گەشتوگوزار، خواستی لەسەر بەنزین 25% بۆ 30% زیاد کردووە. رۆڵی بەغدا: حکومەتی عێراق بڕی پێویستی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، ئەمەش وایکردووە بەرهەمی نۆرماڵ کەم بێتەوە. بەرهەمی لاناز کەمی کردووە؟ بەرپرسانی بەنزینخانەکان لە هەولێر و سلێمانی دەڵێن، ئەو بڕەی لە پاڵاوگەکانی "لاناز" و "کار"ـەوە بۆیان دێت، زۆر کەمترە لەوەی پێشتر وەریان دەگرت و نرخەکەشی گرانتر بووە. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، کۆمپانیای لاناز کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ حکومەت، بەرهەمهێنانی بەنزینی رۆژانەیان کەمنەبووەتەوە. کۆمپانیاکە رۆژانە 38 تانکەر (یەک ملیۆن 400 هەزار لیتر) دەداتە حکومەت بۆ ئەوەی بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەشی بکات. سەرچاوەکانی دابینکردنی بەنزین لە پارێزگاکان: هەولێر نرخەکانی ئەمڕۆ پاڵاوگەی کار: بەنزینی نۆرماڵ بە کۆ بە 1,100 دینار دەگاتە بەنزینخانەکان. پاڵاوگەی لاناز: بەنزینی نۆرماڵ بە کۆ بە 1,170 دینار دەگاتە بەنزینخانەکان. سلێمانی هاوردەی دەرەکی: پێشتر لە ئێرانەوە دەهات، بەڵام ئێستا زۆر کەم بووە و بازرگانان بە گرانی دەستیان دەکەوێت. پاڵاوگە ناوخۆییەکان: لاناز، کار و عەربەت (بە بڕی زۆر کەم). ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور: بڕێکی کەم دێت. دهۆک حکومی: لە پاڵاوگەکانی لاناز و کارەوە بۆیان دابین دەکرێت. بازرگانی: بازرگانان لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە دەیهێنن.
هەواڵە ناوخۆییەکان16-07-2026نەوزاد شێخ کامیل: دوو رۆژ ماوە بۆ وەرگرتنی گەنم و نزیکەی 380 هەزار تۆن وەرگیراوە
هەواڵە ناوخۆییەکان16-07-2026ئاگرەکەی سنووری هەڵەبجە بەردەوامە؛ سێ کەس بریندار بوون و هەزاران دۆنم دارستان سووتاوە