رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەگەر هاوبەشان لە 50 رۆژدا پارەی کارەبا نەدەن، راستەوخۆ کارەبایان دەبڕێ. داواش دەکات بە زووترین کات پارەی کۆنی قەرزی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکی بدرێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-07-2026، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، ماوەی پارەدانی کارەبا ستانداردە 50 رۆژییەکە راستەوخۆ دوای راگەیاندنی لەلایەن وەزارەتەکەوە چالاک دەکرێ.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، پرۆسەی بڕینی کارەبا بۆ ئەو کەسانەی پارە نادەن، بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی و ئۆتۆماتیکی دەبێت، بەڵام دوای ئەوەی هاوبەشەکە قەرزەکەی داوە، لە 24 کاژێردا کارەبای دەدەنەوە.
هاوکات وەزارەتی کارەبا داواش لە هاوبەشان دەکات، قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی رووناکی بدەنەوە، ئەگەر نا ئەوانیش بەمزووانە دەخرێنە نێو سیستمی بڕینی ئۆتۆماتیکیی کارەباوە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە، نزیکەی 80%ی هاوبەشانی ماڵان، ئێستا پارەیەک دەدەن کە زۆر کەمترە لەوەی پێشتر بە موەلیدە ئەهلییەکانیان دەدا، لە بەرامبەریشدا سوودمەند دەبن لە کارەبایەکی 24 کاژێریی پاکتر و سەلامەتتر، بەڵام هەندێکیان پابەند نین بە پێدانی پارەی ئەو کارەبایەی بەکاریان هێناوە.
''ئی-پسوولە خێراترین رێگایە''
وەزارەتی کارەبا جەخت لەوە دەکاتەوە، بەکارهێنانی سیستمی (ئی-پسوولە) خێراترین و گونجاوترین رێگەیە بۆ پارەدان و دوورکەوتنەوە لە بڕینی کارەبا.
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، هاوبەشان دەتوانن لە رێگەی ماڵپەڕی (Runaki.gov.krd)، پەیوەندی بە ژمارە (1992)، یان سکانکردنی (QR code)ی سەر پسوولەکانیان، خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی راستەوخۆ ئاگادارییەکان و کاتی پارەدانیان پێ بگات.
قۆناخەکانی بڕین و گەڕاندنەوەی کارەبا:
وەک وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، قۆناخەکانی بڕینی کارەبا بەهۆی دواخرانی پێدانی بڕی پسوولە و دواتر گەڕاندنەوەی بە شێوەی خوارەوە دەبێ:
- رۆژی یەکەم پسووڵە بەردەست دەبێ لە سەکۆی پسووڵە.
- یەکەم نامە بۆ بیرخستنەوەی پارەدان بۆ هاوبەشانی تۆمارکراوی رووناکی دەنێردرێت.
- دووەم نامە بۆ بیرخستنەوەی پارەدان بۆ هاوبەشانی تۆمارکراوی رووناکی دەنێردرێت.
- سێیەم نامە بۆ بیرخستنەوەی پارەدان بۆ هاوبەشانی تۆمارکراوی رووناکی دەنێردرێت.
- رۆژی 50ـیەم کارەبای هاوبەشان دەبڕدرێت ئەگەر هێشتا پارە نەدرابێت.
- کارەبا لە 24 کاژێردا دەگەڕێندرێتەوە، کاتێک پارەی پسووڵەکانی رووناکی بە تەواوی درا.
وەزارەتی کارەبا داوا لە هاوبەشان دەکات، بۆ ئەوەی لە بڕی پسوولەکانی پڕۆژەی رووناکیی کارەبا ئاگادار بن، ناویان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی راستەوخۆ سێ کورتەنامەکانی ئاگادارکردنەوەیان پێبگات.
پڕۆژەی رووناکی مانگی 11ـی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا، بە مەبەستی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری.



.jpg&w=3840&q=75)