رووداو دیجیتاڵ
لە زیندانی ناوەندیی سووسێ لە پارێزگای سلێمانی کە سەر بە حکومەتی فیدراڵیی عێراقە، لە چوارچێوەی بەرنامەکانی چاکسازی و پێگەیاندن، پڕۆژەیەکی کشتوکاڵیی فراوانی لەنێو گرتووخانەکەدا جێبەجێ دەکرێت. وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، ئامانجی پڕۆژەکە فێرکردنی پیشە و بەهێزکردنی کولتووری کارکردن و بەرهەمهێنانە لای زیندانییان.
موراد ساعیدی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەکە بە مەبەستی گەشەپێدانی تواناکانی سزادراوان و فێرکردنی بنەماکانی بەرپرسیارێتی و پشت بەخۆبەستن جێبەجێ کراوە، تاوەکو ژینگەیەکی کاری گونجاویان لەنێو دامەزراوەکەدا بۆ بڕەخسێنرێت".
ساعیدی دەڵێت، پڕۆژەی کشتوکاڵی لە زیندانی ناوەندیی سووسێ جێبەجێ کراوە، جگە لەوەش بەهۆی سروشتی ناوچەی سلێمانی، پوورەی هەنگ لە زیندانەکە دانراوە، زیندانییەکان هەنگەوانیش دەکەن. بڕیاریشە ئەو پڕۆژەیە لە زیندانەکانی دیکەش لە عێراق جێبەجێ بکرێت.
پڕۆژەکە دروستکردنی خانەی پلاستیکی و ئامادەکردنی رووبەرێکی زەوی لەنێو گرتووخانەکەدا گرتووەتەوە. "بە هاوکاریی یەکەی کشتوکاڵی، چەندین جۆر بەرهەم بە دەستی زیندانییان و لەژێر سەرپەرشتیی ئیدارەی گرتووخانەکە چێندراون."
دیارترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کە پێگەیشتوون بریتین لە تەماتە، خەیار، کاڵەک، بامیە و سەوزە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، هەوڵەکانی زیندانی سووسێ بەرهەمی هەبووە و دەست بە چنین و کۆکردنەوەی بەرهەمەکان و پاشان دابەشکردنیان بەسەر زیندانییاندا کراوە. "ئەم جۆرە چالاکییە کشتوکاڵی و پیشەییانە، بەشێکی سەرەکین لە پلانی فەرمانگەی چاکسازیی عێراقی بۆ دووبارە ئامادەکردنەوەی سزادراوان، تاوەکو دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەیان، بە شێوەیەکی ئەرێنی و وەک تاکێکی بەرهەمهێن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە."


