رووداو دیجیتاڵ
خاوەنی پەیمانگەیەکی ئەهلی لەهەولێر رایدەگەیێنێت، فەرمانگەی ژینگەی پارێزگاکە بەبێ ئاگاداریی ئەوان، کەسێکی وەک چاودێری ژینگە لەپەیمانگەکەیان دیاری کردووە و پابەندی کردوون مانگانە 500 هەزار دیناری پێ بدەن. لەبەرامبەر دا بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر جەخت دەکاتەوە کە بڕیارەکە بەپێی رێنماییە فەرمییەکانە و تەواوی کارگە، کۆمپانیا و ناوەندەکانی خوێندن دەگرێتەوە.
نەشوان عادل، خاوەنی پەیمانگەی کوردستانی ئەهلی لەهەولێر، بەرادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەبێ ئەوەی پێشتر ئاگادار بکرێینەوە، لەفەرمانگەی ژینگەی هەولێرەوە پەیوەندییان پێوە کردووین و کەسێکیان وەک چاودێری ژینگە بۆ پەیمانگەکەمان دیاری کردووە کە دەبێت مانگانە 500 هەزار دینار مووچەی پێ بدەین."
خاوەنی پەیمانگەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ناوەندێکی پەروەردەیین و چالاکییەکی بەرهەمهێنانیان نییە تاوەکو زیان بەژینگە بگەیێنن. ئەو ئەم بڕیارە بەجۆرێک لەسەپاندن و گوشار لەسەر کەرتی تایبەت دەزانێت و گوتی: "چیدیکە توانای بەرگەگرتنی ئەم جۆرە بارگرانییە داراییانەمان نەماوە."
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، بۆ رادیۆی رووداو ئاماژەی بەرەوایەتیی یاسایی پرۆسەکە کرد و گوتی: "پشتبەستن بەرێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2024ـی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، تەواوی پرۆژەکان لەوانەش کۆمپانیا و کارگەکان، زانکۆ و پەیمانگەکان، دەبێت چاودێری ژینگەیان بۆ دابندرێت."
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر روونیکردەوە کە ئەرکی ئەم چاودێرانە تەنیا ژینگەیی نییە، بەڵکو چاودێریکردنی رەوشی تەندروستی، پاکوخاوێنیی خواردنگەکان و رێگرییە لەکەلوپەلی بەسەرچوو. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم کارمەندانە سێ مانگ جارێک راپۆرت لەسەر کەموکوڕییەکان پێشکەش دەکەن.
سەبارەت بەکاتی دەوام و مووچەی چاودێرەکانیش، دڵشاد هیرانی گوتی: "ئەو کارمەندانە بەپێی کاتی دەوامی فەرمیی حکومەت کار دەکەن و مووچەکەیان لەلایەن ئەو دامەزراوە و پرۆژانەوە دابین دەکرێت. تاوەکو ئێستاش لەهەولێر زیاتر لە 310 چاودێری ژینگە لەشوێنە جیاوازەکان دانراون و ئەمەش قۆناخێکی گرنگە بۆ پاراستنی ژینگە."



