رووداو دیجیتاڵ لە سلێمانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەردەوامە، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، دوای تەواوبوونی رێکارەکان قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە دۆڵەڕووت دەستپێدەکات. ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەن حوسێن، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بەرووداوی گوت: "رێکارەکان بۆ دابەشکردنی قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی دەستیپێکردووە و لە داهاتوویەکی نزیک دا بەتیروپشک دابەش دەکرێت." سەبارەت بەژمارەی پارچە زەوییەکان و شوێنی دابەشکردنەکەی، ئەنجوومەن حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا لیژنەی دابەشکردن سەرقاڵی ئامادەکردنی ژمارەی زەوییەکانە، لەگەڵ تەواوبوونی رێکارە کارگێڕییەکان لە دۆڵەڕووت دابەش دەکرێت." گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی باسی لەوەش کرد، ئەنجوومەنی شارەوانی رەزامەندی لەسەر پێدانی زەوییەکانی دۆڵەڕووت داوە، ماوەتەوە لیژنەی دابەشکردنی زەوی بابەتی قەرەبووی خاوەن زەوییەکان و رووبەری گشتیی زەوییەکە دیاری بکات. تاوەکو ئێستا لە سلێمانی بەچەند قۆناخێک 27 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دا دابەشکراوە، شارەوانیی سلێمانی دەڵێت: "هەموو هەوڵی خۆمان خستووەتەگەڕ تاوەکو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون زەوی وەربگرن." دابەشکردنەکە، وەکو قۆناخی پێشوو بەتیروپشک دەبێت.
هەواڵە ناوخۆییەکان30-09-2026خاوەن پەیمانگەیەک لەهەولێر: فەرمانگەی ژینگە چاودێری بەسەر دا سەپاندووین و ژینگە دەڵێت یاساییە