رووداو دیجیتاڵ
قایمقامییەتی سلێمانی دەڵێت، بۆ جوانکردنی سیمای شارەکە و رێکخستنەوەی شەقام و شۆستەکان هەڵمەتێکی فراوان بۆ لابردنی زیادەڕۆییەکان دەستیپێکردووە و هەر شوێنێکیش پابەند نەبێت دادەخرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بەرووداوی گوت: "لیژنەیەکی باڵا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دروستکراوە، رۆژانە سەردانی شەقامەکان دەکەن و هەر شوێنێک مێز و کورسی دانابێت و زیادەڕۆیی کردبێت سزا دەدرێت."
بابان ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، هەڵمەتەکە لە شەقامی سالم و سەهۆڵەکەوە دەستیپێکرد، سەرجەم ئەو کورسی و مێزانەی ببوونە ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانییان لابران و شەقامەکەش پاک کرایەوە، هاوکات هەر دووکان و چێشتخانەیەکیش زیادەڕۆیی کردبێت سزا دراوە.
سەبارەت بەبڕی سزاکە، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان روونیکردەوە، پێشتر سەرجەم شوێنەکان لە لابردنی ئەو زیادەڕۆییانە ئاگادارکراونەتەوە، هەر بۆیە لە هەڵمەتەکە دا بەبێ ئاگادارکردنەوە بەبڕی 250 هەزار دینار سزا دەدرێن، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەشی شوێنەکە دادەخرێت.
بابان ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، هەڵمەتەکە لەسەر داوای هاونیشتمانییان بووە و بەهیچ شێوەیەک رێگە نادرێت هیچ خاوەنکارێک شۆستەکان داگیربکات و ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانییان دروست بکات.
سەبارەت بەگلەیی خاوەنکارەکان لە هەڵمەتەکە، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان دەڵێت: "ئێمە رزقی هیچ خاوەنکار و شوێنێک نابڕین و ئازادن لە کارکردن، بەڵام نابێت مێز و کورسی و شتی دیکە لەسەر شۆستە و شەقامەکان دابنێن و سیمای شارەکە ناشرین بکەن."



