رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاتووچۆی کۆڵبەری لە دەروازەی حاجی ئۆمەران راگیرا و بەهۆیەوە قەرەباڵخی لە دەروازەکە دروستبوو. گوتەبێژی دەروازەکە دەڵێ، هاتووچۆی گەشتیاری ئاساییە.
لە سەرەتای حوزەیرانی ساڵی 2025ـەوە زیاتر لە 10 هەزار دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کارتی کۆڵبەرییان بۆ کرا و بەشێوەیەکی فەرمی هاتووچۆیان دەکرد، بەڵام لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، کاری کۆڵبەری سەرەتای ئادار راگیرا تاوەکو 20ـی حوزەیران دەستپێکردەوە.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتووچۆی کۆڵبەری لەلایەن ئێرانەوە راگیراوە، ئەویش بەهۆکاری رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن".
گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران گوتیشی: "هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی بەردەوامە و ئاساییە، ئەوەی هەیە کۆڵبەری لە دیوی ئێرانەوە راگیراوە".
بڕەیارە ئەم ساڵیش هاوشێوەی دوو ساڵی رابردوو، بەشێکی زیارەتکارانی ئێرانی لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چلەی ئیمام حوسێن بچنە کەربەلا.
بەرپرسانی هەردوو دەروازەی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی دەڵێن، ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە و هاتنی زیارەتکاران لەو دوو دەروازەیەوە بۆ کەربەلا لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات.



