رووداو دیجیتاڵ لە ماوەی رابردوو دا ژمارەیەک بازگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لابراون و چەند بازگەیەکی دیکەش شوێنەکانیان دەگوازرێتەوە، هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، لە چوارچێوەی پلانێکی ئەمنییە بۆ رێکخستنەوە و هیچ مەترسییەک لە ئارا دا نییە. رۆژی پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) بە رووداوی گوت: "لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانییان و ئاسانکاریی هاتووچۆ، ژمارەیەک بازگە لە سنووری گەرمیان لابراون و چەند بازگەیەکی دیکەش شوێنەکانیان دەگۆڕدرێت." بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە ماوەی رابردوو دا، هەریەکە لە بازگەکانی بەرلووت لە کەلار و دەروازەی کفری، دەروازەی رزگاری، دەروازەی ژاڵەناو، دەروازەی مەیدان لە سنووری گەرمیان و بازگەی تونێلی دەربەندیخان لابراون. ئەو سەرچاوە باڵایە گوتی: "لابردنی ئەو بازگانە لە لایەن لیژنەیەکی ئەمنیی پسپۆڕەوە بووە و ئامانج سەلامەتیی سەرووماڵی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانە، ئاسانکاریشە بۆ هاتووچۆ." سەبارەت بەوەی گۆڕانکارییەکان شوێنی دیکەش دەگرێتەوە، سەرچاوەکەی رووداو رایگەیاند: "گۆڕانکاری لە شوێنی چەند بازگەیەکی دیکەش دەکرێت، بە نموونە: (بازگەی بانی مەقان) دەگوازرێتەوە ناحیەی قەرەهەنجیر، (بازگەی عەربەت) دەگوازرێتەوە ئەو دیو شەقامی 100 مەتریی سلێمانی." دەزگای ئاسایشی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە پلانەکە بۆ رێکخستنەوەی بازگەکانە و لە هەر شوێنێکی دیکەش پێویست بێت بازگەکان بگوازرێنەوە یاخود لاببرێن، لیژنە ئەمنییەکە بە وردی دیراسەی دەکات و کاری لە سەر دەکات.
هەواڵە ناوخۆییەکان01-10-2026دەزگایەکی خێرخوازی لە رێگەی بەرپرسیاری رووداوەوە ژیانی 4 خوشک و برای نەخۆش دەگۆڕێت