رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ رایدەگەیێنێت، 22 هەزار فۆرمی زەوی بۆ سنوورەکەی ان گەڕاوەتەوە. دەشڵێت: "نەسریەی مانگانەمان تەنیا 8 ملیۆن دینارە و بەشی سووتەمەنیی ئامێرەکانمان ناکات."
عەلی رەئوف نووری، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ، رەخنەی لە دابەشکردنی بودجەی شارەوانی گرت و بە رادیۆی رووداوی گوت: "لە پێدانی بودجە و بڕی پارەی دابینکراو بۆ پڕۆژەکان ناهاوسەنگی لەنێوان شارەکاندا هەیە. بەپێی پێوەرەکانی ژمارەی دانیشتووان و رووداوە سروشتییەکان بودجە تەرخان نەکراوە و زیاتر بە میزاجە."
سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ باسی لە کەمیی تەرخانکراوی مانگانەی شارەوانییەکەیان کرد و گوتی، سەرەڕای ئەوەی شارەوانییەکەیان پلە نایابە، بەڵام مانگانە تەنیا 8 ملیۆن دیناری پێدەدرێت.
عەلی رەئوف گوتی: "ئێمە 19 ئامێری کارامان لە سنوورەکەدا هەیە، ئەو 8 ملیۆن دینارە بەشی گازی ئامێرەکان ناکات، چ جای چاککردنەوەی شەقام و باخچەکان. ئەمە لە کاتێکدایە شارەوانییە هاوتاکانی ئێمە لە سنووری پارێزگاکانی دیکە مانگانە 50 بۆ 200 ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان دەکرێت؛ شارەوانیی هاوتای ئێمە هەیە نەسریەی مانگێکی لە هی دوو ساڵی چەمچەماڵ زیاترە."
سەبارەت بە داهاتیش، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ دەڵێت، لە چەند مانگی رابردوودا نزیکەی 700 ملیۆن دینار داهاتیان هەبووە، بەڵام بەهۆی رۆتین و رێکارە کارگێڕییە قورسەکانەوە لە ماوەی هەشت مانگدا نەیانتوانیوە یەک دیناریشی لێ خەرج بکەنەوە بۆ خزمەتگوزاری. بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی گەڕەکی مامۆستایان تەرخان کردووە کە لە ساڵی 2012ـەوە وەستابوو.
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی بارانبارین، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ گوتی: "مەترسیی دروستبوونی لافاو بەراورد بە رابردوو بۆ 10% دابەزیوە. بە سێ قۆناخ کارمان لەسەر نۆژەنکردنەوە و رووپێوکردنی رێڕەوەکانی لافاو کردووە و لە قۆناخی جێبەجێکردنی پلانەکاندایە."
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا
سەبارەت بە پرۆسەی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، عەلی رەئوف گوتی: "نزیکەی دوو هەزار و 600 بۆ سێ هەزار پارچە زەویمان ئامادەیە، بەڵام نزیکەی 22 هەزار فۆرممان بۆ گەڕاوەتەوە، کە خەڵکی کەرکووک، خانەقین، پردێ و شنگالیشی تێدایە."
سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆ ئەوەی مافی دانیشتووانی ناوچەکە نەفەوتێت، پێشنیازمان کردووە فۆرمەکان بەسەر چوار شارەوانیی (چەمچەماڵ، شۆڕش، تەکیە و بازیان)ـدا دابەش بکرێن. لە دوو بۆ سێ مانگی داهاتووشدا پرۆسەی دابەشکردنی زەوییەکان دەستپێدەکات."


