رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان چەند کۆمپانیایەک بە فەرمی بانگەشەی ئەوە دەکەن، لە بەرامبەر وەرگرتنی نزیکەی 20 هەزار دۆلاردا ڤیزەی شنگنی وڵاتانی ئەورووپا بە "گەرەنتی" وەردەگرن. کۆمپانیا گەشتیارییەکان و دەستەی گەشتوگوزار ئەوە بە "فێڵکردن" دەزانن داوا دەکەن، کەس پارەی زۆر نەدات و رێگەی یاسایی بگرنەبەر.
هاونیشتمانییەک لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "19 هەزار دۆلارم داوەتە کۆمپانیایەک کە بە گەرەنتی ڤیزەی شنگنم بۆ وەربگرن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ وەڵامێکیان نەداومەتەوە".
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی ئەو بانگەشانە دەکات فێڵکردنە لە خەڵک و شتێک نییە بە ناوی وەرگرتنی ڤیزە بە گەرەنتی و بە پارە، ئەوەی هەیە رێگە یاساییەکانە و تێچوویەکی کەمی هەیە".
عەتا ئەنوەر کە هاوکات کۆمپانیای گەشتیاری هەیە گوتیشی: "رێگەی یاسایی هەیە و ئێمە وەکو کۆمپانیا تەنیا دەتوانین رێنمایی گەشتیاران بکەین بۆ وەرگرتنی ڤیزە و مامەڵەکانیان رێکبخەین و وەرگێڕانیان بۆ بکەین و پارەیەکی زۆر کەمی تێدەچێت، ئەگەرنا ڤیزە بە پارە گەرەنتی ناکرێت و کۆنسووڵخانەش بەگوێرەی پەڕاوەکان و یاسا ڤیزە دەدات نەوەکو پارە".
سەرۆکی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی داوای لە هاونیشتمانییان کرد، پارە نەدەنە هیچ کۆمپانیایەک بۆ وەرگرتنی ڤیزە و خۆیان رێکارە یاساییەکان هەڵبژێرن: "پێدانی بڕێک پارەی زۆر بۆ وەرگرتنی ڤیزەی شنگن خەڵەتاندنە و هیچی دیکە، دەبێت خەڵک خۆی هۆشیار بێت".
ئەو کۆمپانیایەی بەڵێنی بە هاونیشتمانییەک داوە ڤیزەی شنگی بە پارە بۆ وەربگرێت پێیان گوتووە، ئەگەر ڤیزەی بۆ وەرنەگیرا پارەکەی دەدەنەوە.
عەتا ئەنوەر گوتی: "ئەوانەی بانگەشەی گەرەنتیی ڤیزە دەکەن تەنیا کاریان ئەوەیە، رێکارەکان بۆ گەشتیارەکە دەکەن و دەینێرنە چاوپێکەوتن، ئەگەر کەسەکە ڤیزەی وەرگرت، چانسی هەبوو و مامەڵەکەی بەهێز بوو، ئەوان پارەیەکی زۆری لێ وەردەگرن و ڤیزەشی وەرنەگرت پارەکەی دەدەنەوە و هیچ زیانێک ناکەن، ئەوەی زیان دەکات هاووڵاتییەکەیە".
کۆمپانیا گەشتیارییەکان مۆڵەتەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار وەردەگرن.
نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر کەسێک مامەڵەی ڤیزە دەکات دەبێت پێش هەموو شت بزانێت کۆمپانیا گەشتیارییەکە مۆڵەتی هەیە یان نا، چونکە مۆڵەتی هەبێت دەتوانێت دواتر فێڵیشی لێ کرا داوای مافی خۆی بکات".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، هیچ کەسێک سکاڵای لای ئەوان تۆمار نەکردووە کە کۆمپانیایەکی فەرمی بە پاساوی وەرگرتنی ڤیزە پارەی خواردبێت. گوتیشی: "وەرگرتنی ڤیزە بە پارە زۆر قورسە و ناکرێت، هەیە بە ئۆنڵاین دەڵێت ڤیزە وەردەگرێت بۆ خەڵک بە پارە، داواکارین خەڵک خۆی هۆشیار بێت و نەکەوێتە داوی هیچ کەسێکەوە و پارەی بە فیڕۆ بدات".
لە هەرێمی کوردستان رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزەی شنگن بەگوێرەی کۆنسووڵخانەکان جیاوازن، بەڵام سەرجەمیان پێویستیان بە رێکخستنی مامەڵە و وەرگێڕانی نووسراو و بەڵگەنامەکان هەیە کە بە شێوەی یاسایی بکرێت و تێچووەکەی لای کۆمپانیا گەشتیارییەکان نزیکەی 200 دۆلارە و لە کاتی دانانی مامەڵەکە لە کۆمپانیاکانی نێوەندگیر نزیکەی 100 دۆلار وەکو رسوماتە دەدرێتە کۆمپانیاکە و کۆنسووڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزە هیچ بڕە پارەیەک وەرناگرێت.


