رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی هەردوو دەروازەی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی دەڵێن، ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە و هاتنی زیارەتکاران لەو دوو دەروازەیەوە بۆ کەربەلا لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات.
بڕەیارە ئەم ساڵیش هاوشێوەی دوو ساڵی رابردوو، بەشێکی زیارەتکارانی ئێرانی لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چلەی ئیمام حوسێن بچنە کەربەلا.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەرەوازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ 12ـی تەمموزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئامادەکاری کراوە و بڕیارە لە 15ـی تەمموزەوە هاتنی زیارەتکاران دەستپێبکات".
هەر لەو بارەیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت: "هاوشێوەی ساڵانی پێشوو لیژنە پێکهێندراوە و لە چەند وێستگەیەکدا پێشوازی لە زیارەتکاران دەکرێت، تاوەکو دەگەیێندرێنە کەربەلا".
هەروەها بەرپرسێکی باڵا لە سنووری دەروازەی باشماخ لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوشێوەی ساڵانی پێشوو هەموو ئامادەکارییەک کراوە و هاتنی زیارەتکاران 17 و 18ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات".
ساڵانی رابردوو لە پێشوازی زیارەتکاراندا لە سنووری هەردوو دەروازەکەی هەرێمی کورستانەوە تاوەکو بەڕێکەوتنیان بۆ کەربەلا، پاس، ئامێری فێنککەرەوە، ئاو، شەربەت، خواردن و ئامبوڵانس بێ بەرامبەر ئامادە کرابوون و بەگوێرەی دەروازەکان، ئەم ساڵیش ئەو خزمەتگوزارییانەیان بۆ دابین دەکرێت.
ساڵی 2024 نزیکەی 200 هەزار زیارەتکار لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و باشماخ لە پارێزگای سلێمانییەوە چوونە کەربەلا، پاریش زیاتر لە 100 هەزار زیارەتکار.
ساڵانە لە کاتی هاتنی زیارەتکاراندا بۆ خێرایی راییکردنی مامەڵەی زیارەتکاران، لە هەردوو دەروازەکەوە خاڵەکانی مۆرکردنی پاسپۆرت زیاتر دەکرێن.
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و پار کەوتە 14ـی مانگی ئابەوە، ئەمساڵیش دەکەوێتە 4 بۆ 5 ئاب.



