رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی بەهێز لە پووش و پاوانی سنووری شارباژێر کەوتەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بووە و کۆنترۆڵ کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12-07-2026 عەمید هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رووداوەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، ئاگرەکە لە سنووری گوندەکانی نۆرەباب، پیرێسک، سێوەنگ و کانی شوان لە شارباژێر کەوتووەتەوە.
بەگوتەی عەمید هێمن کەمەرخان دەستبەجێ تیمەکانی پۆلیسی دارستانی شارباژێر گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بە هاوکاریی بەرگریی شارستانی و خەڵکی ناوچەکە، ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
وەک بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان نزیکەی 500 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە.
عەمید هێمن کەمەرخان ئاماژەی بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش کرد و گوتی، رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بووە و بەدواداچوون بۆ دەستنیشانکردنی وردی زیانەکان بەردەوامە.
لە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق (1980-1988)، ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش مینڕێژکرابوون کە تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر قوربانییان لێکەوتووەتەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، هێشتا بەشێک لەو ناوچە سنوورییانە لە مین پاک نەکراونەتەوە و مەترسیی تەقینەوەیان هەیە.



