رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جەخت لە چڕکردنەوەی چاودێرییەکانی دەکاتەوە، بەشێک لە هاونیشتمانیان و شارەزایانی خانووبەرە نیگەرانن لە زیادبوونی دروستکردنی خانووی کەم کوالێتی لەلایەن بەشێک لە بەڵێندەرانەوە؛ ئەمەش وایکردووە متمانەی کڕیاران بە خانووی ئامادەکراو کەمببێتەوە.
عادل کازم، خەڵکی بەغدایە و خانوویەکی 125 مەتریی ئامادەکراوی لە گەڕەکی 8 هەزاریی فەرمانبەران بە نرخی 80 هەزار دۆلار کڕیوە، ئەو بە رووداوی گوت: "کوالێتیی خانووەکە هێندە خراپە، بۆنی ئاوەڕۆکان بێزاری کردووین، دیوارەکان درزیان بردووە؛ کوالێتیی دروستکردنی خانووەکە زۆر نزمە و ئەگەر ئێستا بمەوێت بیفرۆشمەوە، زیاتر لە 10 هەزار دۆلار زەرەر دەکەم".
بەشێک لەو خانووانەی لەلایەن بەڵێندەرانی بازرگانییەوە دروست دەکرێن، کوالێتییان زۆر نزمە. بەگوتەی کڕیاران، لە هەندێک لەو خانووانەدا بڕی شیشی بەکارهاتوو لە بناخەدا زۆر کەم دەکرێتەوە؛ بە شێوەیەک بۆ بناخەی خانوویەکی لەو جۆرە پێویست بە زیاتر لە دوو تۆن شیش هەیە، بەڵام تەنیا 750 کیلۆگرام شیش بەکاردەهێنرێت.
هەروەها، نهۆمی یەکەم بە پانیی 8 بۆ 12 سانتیمەتر کۆنکرێت دەکەن، لە کاتێکدا بەپێی رێنماییەکانی شارەوانی، پێویستە پانیی کۆنکرێتی سەقف لە 25 سانتیمەتر کەمتر نەبێت.
رەنجدەر کەلهوڕی، خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی لە هەولێر، بە رووداوی گوتی: "خراپ دروستکردنی خانوو لەلایەن هەندێک کەسەوە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانوو داناوە، بە جۆرێک زۆربەی کڕیاران متمانەیان بە خانووی ئامادەکراو (بازرگانی) نەماوە و زیاتر بەدوای کڕینی زەوی و دروستکردنی خانوودا دەگەڕێن بە دەستی خۆیان".
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای پێدانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو، چاودێریی شارەوانی لە هەندێک کاتدا کەم دەبێتەوە، بەتایبەتی لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، کە ئەمەش هەندێک جار دەبێتە هەل بۆ ئەنجامدانی سەرپێچی و کەمکردنەوەی کوالێتیی خانووەکان.
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لەسەر ئەم بابەتە بە رووداوی راگەیاند: "چاودێرییەکانمان زۆر چڕتر کردووەتەوە بۆ رێگری لە هەر سەرپێچییەک لە کاتی دروستکردنی خانوو یان باڵەخانەدا، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین بەڵێندەر یان هاووڵاتی دژ بە رێنماییە ئەندازیارییەکانی شارەوانی کار بکات".
لە هەرێمی کوردستاندا، 345 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون هەن کە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دروست کراون.
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان بە رووداوی گوتی: "سێ جۆری دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونمان هەیە؛ یەکەمیان پرۆژەکانی وەبەرهێنانن کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە تەواوی چاودێری دەکرێن. دووەمیان مۆڵەتی شارەوانییە کە بەداخەوە چاودێرییەکی پێویست لەسەر دروستکردنەکەیان نییە؛ جۆری سێیەمیش ئەو خانووانەن کە هاووڵاتی بەبێ مۆڵەت دروستیان دەکات. ئەمانەی دوایی زیانی زۆریان لە کەرتی وەبەرهێنان و بەگشتی پڕۆسەی دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون داوە".
بەپێی گوتەی شارەزایانی خانووبەرە، لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێردا، تێچووی دروستکردنی خانوویەکی ستانداردی دوو قاتی 125 مەتری نزیکەی 90 هەزار دۆلارە، بەڵام هەندێک کەس هەمان خانوو بە کوالێتییەکی نزمتر بە 82 هەزار و 500 دۆلار دروست دەکەن؛ بەمەش جیاوازیی نرخی خانووی ستاندارد و خانووی بێ کوالێتی لەنێوان 7 هەزار و 500 تاوەکو 10 هەزار دۆلاردایە.



