رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر راگەیاند، بۆریی ئاوی ئیفراز سێ بە تەواوی چاککراوەتەوە و تاوەکو دوو بۆ سێ کاژێری دیکە ئاو بۆ هەموو ئەو گەڕەکانە بەردەدرێتەوە کە لەسەر ئەو هێڵەن.
رۆژی شەممە، 11ـی تەممووزی 2026، رابەر حوسێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا بۆریی ئاوی ئیفراز سێ بە تەواوی چاککراوەتەوە و کارەکانی تەواو بوون؛ تاوەکو دوو بۆ سێ کاژێری دیکە ئاو دەگاتەوە هەموو ئەو گەڕەکانەی لەسەر ئەم بۆرییەن، بەتایبەتی گەڕەکەکانی سنووری 60 مەتریی هەولێر."
لەبارەی دابەشکردنی ئاوەکە، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: "ئێستا بۆرییەکە پڕ بووە و ئاو بۆ بەشێکی ماڵان گەڕاوەتەوە، قۆناخ بە قۆناخیش بۆ هەموو ماڵەکان دەگەڕێتەوە."
رابەر حوسێن دەڵێت، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە سێ هێڵ پێکهاتووە؛ هێڵێکیان بەشێکی گەڕەکەکانی 120 مەتری، هێڵێکی دیکە بەشێکی گەڕەکەکانی 60 مەتری و هێڵەکەی سێیەمیش بەشێکی گەڕەکەکانی 40 مەتریی لەسەرە.
ئێستا پڕۆژەی ئیفراز سێ تەنیا 20%ـی ئاوی هەولێر دابین دەکات. دوێنێ کاژێر 07:00 بۆرییەکە شکا و وەک بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: "دوای 14 کاژێر کارکردن، بۆرییەکە چاککرایەوە."
جگە لە پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر کە ئەمساڵ تەواو کرا؛ شاری هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.




