رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر راگەیاند، ئافرەتێکی تەمەن 22 ساڵ کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، لە نهۆمی 5ـی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
رۆژی شەممە، 11ـی تەممووزی 2026، موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئافرەتێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان (قامشلۆ) کە تەمەنی 22 ساڵە، لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی مامۆستایان لە نهۆمی پێنجمەوە خۆی فڕێداوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە".
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەو ئافرەتە هاوژینی هەیە و ئەویش دەستگیرکراوە".
موقەدەم کیفاح حەسەن دەڵێ، ئێستا تەرمەکەی بۆ دادپزیشکی نێردراوە؛ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە بۆ زانینی هۆکار و وردەکارییەکانی.




