رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییانی گەڕەکی 'بەهاری نوێ' لە قەزای بەحرکە دەڵێن، بەهۆی نزمیی ڤۆڵتییەی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانەوە ناتوانن لەم گەرمایەدا هیچ ئامێرێکی فێنککەرەوە بەکاربهێنن. قایمقامی نوێی قەزاکەش رایدەگەیێنێت، لە سبەی یەکشەممەوە بەدواداچوونی مەیدانی بۆ کێشەکە دەکەن.
ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە بە رادیۆی رووداویان راگەیاند، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ڤۆڵتییەی کارەبای مۆلیدەکانیان ئەوەندە نزم بووەتەوە کە تەنانەت "موبەڕیدە"ـشی پێ هەڵناکرێت.
یەکێک لە هاونیشتمانییانی گەڕەکەکە دەڵێت: "سێ ئەمپێر کارەبامان هەیە، بەڵام هیچ سوودێکی نییە. کاتێکیش داوا لە خاوەن مۆلیدەکە دەکەین ڤۆڵتییەکە زیاد بکات، لە وەڵامدا پێمان دەڵێت: ئەگەر بەدڵتان نییە کارەباکەتان ببڕن."
بەگوتەی دانیشتووانی 'بەهاری نوێ'، چەندین جار سکاڵایان گەیاندووەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان وەرنەگرتووە.
شاخەوان سدیق، قایمقامی نوێی بەحرکە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دەستبەکاربووە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "گلەیی هاونیشتمانییان تەنیا لەو گەڕەکە نییە، بەڵکو لە شوێنی دیکەش هەبووە. ئێمە لە سبەی یەکشەممەوە، 12ـی تەممووز، لە رێگەی لیژنەکانی قایمقامییەتەوە دەست دەکەین بە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو کێشەیە."
قایمقامی بەحرکە جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ لیژنەکان کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێکی خێرا بۆ گرفتی کارەبای مۆلیدەی گەڕەکەکان بدۆزنەوە و رێگە نەدەن لەم وەرزی گەرمایەدا هاووڵاتییان تووشی گرفت ببن.


.jpg&w=3840&q=75)
