رووداو دیجیتاڵ
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایدەگەیێنێت، هۆکاری سەرەکیی نەبەستنی کۆنگرەی سەندیکاکەیان بۆ ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەگەڕێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات کە داوای زەوییان بۆ رۆژنامەنووسان کردووە و چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانن.
حاکم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "پارتی و یەکێتی نایەڵن کۆنگرە ببەستین. لەبەر ئەوەی زۆرینەی دامودەزگاکانی میدیا و ئەندامانی سەندیکا سەر بەو دوو حیزبەن، کاتێک بابەتەکە دەبێتە حیزبی، نایەنە کۆنگرە."
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2014ـەوە هەوڵی بەستنی کۆنگرە دەدەن، بەڵام شەڕی داعش، کۆرۆنا و ناکۆکیی سیاسی بوونەتە رێگر. ئاشکراشی کرد کە سیناریۆیەکیان بۆ نوێکردنەوەی پۆستەکان بەبێ کۆنگرە پێشنیاز کردووە، بەڵام "پارتی رازی بوو، یەکێتی سەرەتا رازی بوو و دواتر بێدەنگ بوو و رازی نەبوو."
سەبارەت بەو کەسانەی کاری رۆژنامەوانی دەکەن و ئەندامی سەندیکا نین، حاکم ئازاد گوتی: "بەپێی یاسا، رۆژنامەنووس ئەو کەسەیە کە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە. هیچ رۆژنامەنووسێک نییە کاری پیشەیی بکات و ئەندامی سەندیکا نەبێت، ئەوانەی ئەندام نین، پیشەی سەرەکییان رۆژنامەگەری نییە."
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان مژدەی بە رۆژنامەنووسان دا و گوتی: "نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت کردووە بۆ وەرگرتنی زەوی. چاوەڕێ دەکەین پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا تەواو بێت، ئینجا نۆرەی رۆژنامەنووسان دێت."


