رووداو دیجیتاڵ
سێ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی نوێنەرانی کوردیان کردووە لە بەغدا، داوا دەکەن کار بکەن بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی 2027 پارە بۆ دامەزراندنیان تەرخان بکرێت.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ شەممە بەناوی "ئەنجوومەنی کاروباری سێ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان"ـەوە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا داوا کراوە، بۆ پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2027 لە پەرلەمانی عێراق، بەرپرسانی کورد لە بەغدا "هەوڵی جیدی و بێوچان بدەن بۆ بەرگریکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".
ئەنجوومەنەکە داوا دەکات، نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، "بابەتەکان لە باسی مووچە و داهاتی نێوخۆ کورت نەکەنەوە؛ گرنگترین بابەت بۆ بودجەی داهاتوو پرسی دامەزراندنی نوێیە، کە پەرلەمانتارانی کورد وەک پێویست قسە و بەدواداچوونی لەسەر ناکەن، ئەوەش بە پێچەوانەی پەرلەمانتارانی عەرەبە، کە رژدن لەسەر ئەم بابەتە".
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، 14-09-2025 لە نووسراوێکدا داوای لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان کرد ناوی سێ یەکەمەکانی ساڵانی 2017 بۆ 2024یان بۆ بنێرن بۆ ناردنی بۆ بەغدا بە مەبەستی دامەزراندن.
دوای نووسراوەکە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە رووداوی راگەیاند، ناوی سێ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ بەغدا ناردووە بەمەبەستی دامەزراندنیان، کە ژمارەیان زیاترە لە 10 هەزار کەس.



