رووداو دیجیتاڵ
تەرمی شیڤان ئیسماعیل، ئەو گەنجەی بە نەخۆشی لە فەرەنسا کۆچی دوایی کرد دەگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەکە رەزامەندی داوە تەرمەکەی بداتەوە و حکومەت تەرمەکەی دەگەڕێنێتەوە کوردستان .
دکتۆر رەوەز دلاوەر محەممەد، بەرپرسی بەشی کۆنسووڵگەری نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەبارەت بە هێنانەوەی تەرمی شیڤان ، سەرەتا کێشەمان هەبوو لەگەڵ نەخۆشخانەکە و رازی نەبوون تەرمەکە بدەنەوە، بەڵام ئێستا کێشەکە چارەسەر کراوە، دوای رێوشوێنی تایبەتی وەرگرتنەوەی رەوامەنی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە ."
دکتۆر رەوەز دەڵێ :"پۆلیسی لیلی فەرەنسا رەزامەندیداوە لەسەر گواستنەوەی تەرمەکە بەپێی یاسا و رێکارەکانیی وڵاتەکە رۆژی دووشەممە دووی تشرینی یەکەمی 2026، تەرمەکە بە رێکاری تایبەت لە رێگەی "تورکیش ئێرڵاین"ـەوە دەگەڕێنرێتەوە کوردستان.''
بەرپرسەکەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "تەرمەکە ئێستا مانگێکە لەساردخانەیە، بەپێی گوتەی دکتۆرەکان داوادەکەن تەرمەکە نەکرێتەوە لە کاتی ناشتنی، ئەگەر خێزانەکەی سووربوون لەسەر کردنەوەی نایلۆنەکە، رێکاری تایبەت بگیرێتەبەر"
سەبارەت بە تێچووی گەڕاندنەوەی تەرمەکە ئاماژەی رایگەیاند:"نووسینگەی سەرۆکوەزیران لەسەر هێڵن و بەنیازن تەواوی تێچووی گەڕاندنەوەی تەرمەکە لە ئەستۆبگرن، گواستنەوەی تەرم 4000بۆ 4500یۆرۆی دەوێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم تەرمە کۆمەڵێک رێکاری تایبەتی بۆ گیراوەتەبەر و ماوەیەکی زۆر ماوەتەوە، نزیکەی 5300بۆ 5700 یۆرۆی تێدەچێت".
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند:" نووسینگەی ئەنجوومەنی وەزیران، هێنانەوەی تەرمی شیڤان ئیسماعیل لە ئەستۆ دەگرێ.''
هەر لەسەر ئەو پرسە ئیسماعیل خەلیل، باوکی شیڤان بە رووداوی راگەیاند:" نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئاگاداری کردینەوە، رۆژی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، تەرمی کوڕەکەم کاژێر 6ـی بەیانی دەگاتە تورکیا، کاژێر 9ی بەیانی دەگاتە فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی هەولێر".
شیڤان ئیسماعیل خەلیل، گەنجە 20 ساڵەکەی خەڵکیی رانیە، رۆژی 28ـی تەممووزی 2026 بە فڕۆکە چووەتە لیبیا، دواتر بە رێگەی دەریایی گەیشتووەتە ئیتاڵیا و پاش ماوەیەک مانەوە لەو وڵاتە، هەوڵی داوە بگاتە فەرەنسا.
شیڤان ئیسماعیل، 2ئاداری 2006 لەدایکبووە، 20 ی ئەیلوولی 2026 لە وڵاتی فەرەنسا بەهۆی نەخۆشیی بەکتریایی جۆری "Corynebacterium diphtheriae" لە نەخۆشخانە بەهۆی کۆچی دواییکرد. بەکتیریای کۆرینیباکتریۆم دیفتیریا (Corynebacterium diphtheriae) جۆرێکە لە بەکتریا دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی دیفتیری(Diphtheria). ئەم نەخۆشییە کتوپڕە و گوازراوەیە، بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەری دەکاتە سەر کۆئەندامی هەناسەدان.



