رووداو دیجیتاڵ پرۆژەی تونێلی هەیبەت سوڵتان کە لە 18ی ئەیلوولی 2013، بەردی بناخەی دانرا، شوێنی دروستکردنی دەگوازرێتەوە و ئێستا شوێنێکی نوێ لە گوندی هەواوان لە نزیک ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین پێشنیاز کراوە. تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە، بە رووداوی راگەیاند، بیر لە دروستکردنیی تونێلێکی نوێ لە گوندی هەواوان کراوەتەوە، کە دەبێتە هۆی ئاسانکردنی هاتووچۆ و بەیەکەوەبەستنی رێگەی سلێمانیی ـ راپەڕین بە رێگەی کۆیە ـ هەولێر. بەپێی گوتەکانی قایمقام، چەند شوێنێک بۆ دروستکردنی تونێلە نوێیەکە پێشنیاز کراوە. درێژیی یەکێک لە شوێنە پێشنیازکراوەکان زیاتر لە 4 کیلۆمەترە و شوێنێکی دیکە 3.6 کیلۆمەترە. حەیدەری دەڵێ، هەڵبژاردنی شوێنی کۆتایی بۆ تونێلەکە پەیوەندی بە ئەنجامی توێژینەوە و هەڵسەنگاندنەکانەوە هەیە، چونکە پێویستە دیاری بکرێت کام شوێن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە گونجاوترە. تاریق حەیدەری گوتی، "کۆمپانیای (ستراتۆسی)ی ئێرانی کە ئەرکی دروستکردنی تونێلەکەی پێشووی لە ئەستۆ بووە، گرێبەستەکەی هێشتا کۆتایی نەهاتووە و کارەکانی لەسەر ئستحقاقاتی کۆمپانیاکە وەستاوە." کۆمپانیاکە سەدا 6ی کارەکانی تەواو کردووە و 10 ملیار دیناری وەرگرتووە، بەڵام بە گوتەی قایمقام، هێندەی ئەو بڕە پارەیە کارەکانی جێبەجێ نەکردووە. حەیدەری هۆکاری بەردەوامنەبوونی پڕۆژەکە بۆ بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە. بەپێی وتەکانی حەیدەری، دوو رێگە لە ناوچەکەدا بەکاردەهێنرێن، یەکێکیان رێگەی کلکەسماقە کە بەرەو دووکان دەچێت و ئەوی دیکە رێگەی هەیبەت سوڵتان و چنارۆکە.
هەواڵە ناوخۆییەکان30-09-2026تەرمی شیڤان ئیسماعیل دەگەڕێنرێتەوە؛ حکومەتی کوردستان، ئەرکی هێنانەوەی لە ئەستۆدەگرێ
هەواڵە ناوخۆییەکان30-09-2026دانیشتووانی دۆمیز گلەیی لە نەبوونی جێگە لە قوتابخانەکان دەکەن و پەروەردەی دهۆک وەڵام دەداتەوە