رووداو - رادیۆ بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆشی هاوشێوەی گاز و سووتەمەنی لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر، بەتایبەت لە سنووری گەڕەکی 32ـی پارک و دەوروبەری، هاونیشتمانییانی بێزار کردووە. دانیشتووانی ئەو ناوچانە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی تووندیی بۆنەکەوە ناتوانن ئامێرەکانی فێنککەرەوە دابگیرسێنن و ناچارن پەنجەرەی ماڵەکانیان دابخەن. لە بەرامبەردا، فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دەستپێکردنی بەدواداچوونی مەیدانی رایدەگەیێنێت و گومانی سەرەکی دەخاتە سەر پاشماوەی پاڵاوگەکان. بەپێی سکاڵای ئەو هاونیشتمانییانەی پەیوەندییان بە رادیۆی رووداوەوە کردووە، پێشتر ئەم بۆنە تەنیا لە کاژێرە درەنگەکانی شەودا و دوای کاژێر 11:00 یان 12:00ـی شەو هەستی پێ دەکرا، بەڵام لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا دیاردەکە زیادی کردووە و لە رۆژیشدا بە شێوەیەکی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە. زانا سمکۆ، دانیشتووی گەڕەکی 32ـی پارکە لە شاری هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو باسی لە قورسیی دۆخەکەیان کرد و گوتی: "کاتی خۆی تەنیا شەوان دوای کاژێر 11:00 بۆ 12:00 بۆنێک دەهات، ناچار دەبووین دەرگە و پەنجەرە دابخەین و موبەریدە بکوژێنینەوە، چونکە لە رێگەی موبەریدەوە راستەوخۆ دەهاتە نێو ژوورەوە. بەڵام ئێستا نزیکەی مانگێکە لە رۆژیشدا 2 بۆ 3 جار ئەو بۆنە پیسە بڵاو دەبێتەوە و زۆر زیادی کردووە." لە بەرامبەر سکاڵای هاووڵاتییاندا، فەرمانگەی ژینگەی هەولێر پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئاگاداری ئەو دۆخەن و هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکەی دەست پێ کردووە. دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند: "ئاگاداری ئەو بابەتەین و بەردەوام لەلایەن هاووڵاتییانەوە پەیوەندیمان پێوە دەکرێت کە بۆنێکی یەکجار زۆر و ناخۆش دێت. لەسەر ئەو پرسە تیمەکانمان لەگەڵ لایەنی ئەمنی رەوانەی ئەو ناوچانە کردووە تاوەکو بەدواداچوونی مەیدانی بکەن و کێشەکە چارەسەر بکەین." سەبارەت بە سەرچاوەی بۆنەکە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر گوتی: "گومان لە کار و پاشماوەی پاڵاوگەکان دەکرێت، هەرچەندە ئەو پاڵاوگانە نزیکەی 18 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دوورن، بەڵام ئاراستەی با دەتوانێت بۆن و دووکەڵیان بگوازێتەوە. ئێمە دۆسیەیەکی تایبەتمان لەسەر پاڵاوگەکان ئامادە کردووە و لە رێگەی تیمی هاوبەشەوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش، بە وردی لێکۆڵینەوە لەو شوێنانە ئەنجام دەدەین تاوەکو دۆخەکە نەگاتە قۆناخــێکی مەترسیدارتر."
هەواڵە ناوخۆییەکان30-09-2026دانیشتووانی دۆمیز گلەیی لە نەبوونی جێگە لە قوتابخانەکان دەکەن و پەروەردەی دهۆک وەڵام دەداتەوە
هەواڵە ناوخۆییەکان30-09-2026فەرمانبەرانی پیرمام چاوەڕێی وەرگرتنی زەوین و قایمقام هۆکاری دواکەوتنەکەی ئاشکرا دەکات