رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن، کە دوو ساڵ لەمەوبەر 825 ملیۆن دیناری لە خاوەن نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو دزیبوو.
رۆژی شەممە 11ی تەممووزی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق وردەکاریی تاوانەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "تیمەکانی بەشی نەهێشتنی تاوانی کەرکووک توانیویانە تۆمەتبارەکە لە شاری بەغدا دەستگیر بکەن."
رووداوەکە بۆ ساڵی 2024 دەگەڕێتەوە، کاتێک تۆمەتبارەکە بڕی 825 ملیۆن دیناری عێراقیی لە خاوەن کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو دزیبوو. لەو کاتەوە تۆمەتبارەکە رێگەی ئاڵۆزی بۆ خۆشاردنەوە بەکارهێناوە و بەردەوام لەنێوان پارێزگاکانی عێراقدا شوێنی خۆی گۆڕیوە بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، دوای چەندین مانگ لە بەدواداچوونی وردی تەکنیکی و مەیدانی، شوێنی تۆمەتبارەکە لە بەغدا دیاریکرا.
هێزێکی تایبەتی نەهێشتنی تاوان رەوانەی بەغدا کران و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی رەسافە و دەزگە هەواڵگرییەکان، لە بۆسەیەکی ورددا تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکرد
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و رەوانەکردنی بۆ دادگە تاوەکو سزای دادپەروەرانەی خۆی وەربگرێت.
وردەکاری ساتی دزینەکە چۆن بووە؟
کاتێک تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندی بەو کەسەوە دەکات کە دزییەکەی لێکراوە، بە سەرسوڕمانەوە وەڵامی دایەوە و شۆک بوو بە گوتەی خۆی" بێئومێد ببوو لە گەڕان بە دوای دزییەکە".
نەبیل کاکەیی، خاوەنی کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی دۆمیز لە کەرکووک بە رووداوی گوت، "رۆژی 29ـی 4ـی 2024، براکەم کاتێک لە بانکی رافیدەین دەرچوو 825 ملیۆن دیناری پێبوو خستبوویە نێو سندوقی ئۆتۆمبێلەکەی، لە رێگەدابوو بەرەو بانکی رەشید، لە گەراجێک ئۆتۆمبێلەکە بەجێدەهێڵیت و بە خاوەن گەراجەکە دەڵێت ئاگاداری ئۆتۆمبێلەکەم بە پارەی تێدایە."
نەبیل کاکەیی دەشڵێت، "کاتێک براکەم گەڕایەوە دەبینێ جامی ئۆتۆمبێلەکە شکاوەو لەوێوە پارەی نێو سندوقەکەیان هەموو بردبوو، کە سەیری کامێراکانی چاودێرییمان کرد 3 کەس بوون، بە فێڵێک خاوەنی گەراجەکە دەبەنە لایەک سەرقاڵی دەکەن."
نەبیل هەر دوای رووداوەکە سکاڵای تۆمار کردبوو، بەڵام بێ ئومێدبوو لە دەستگیرکردنی تۆمەتباران. نەبیل گوتی، "ئەمڕۆ لە رێگەی ئێوەوە (رووداو) زانیم تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە، چاوەڕێم پارەکانم بۆ بگەڕێننەوە."



