رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی ناحیەی کەورگۆسک لەسنووری قەزای پیرمام گلەیی لەتێکچوونی رەوشی کارەبا دەکەن و رایدەگەیێنن کە لە 24 کاژێر دا تەنیا 3 کاژێر کارەبایان پێ دەگات. هاوکات ئاماژە بەبەرزیی پسوولەی کارەبا و تێچووی زۆری مۆەلیدە ئەهلییەکان دەکەن. لەبەرامبەر دا، بەڕێوەبەری ناحیەکە رایدەگەیێنێت کە سووتانی فیدەرێکی سەرەکی بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم گرفتە.
هۆگر، دانیشتووی ناحیەی کەورگۆسک، بەرادیۆی رووداوی راگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە رەوشی کارەبای ناحیەکەمان لەوپەڕی خراپی دایە، لە 24 کاژێر دا تەنیا نزیکەی 3 کاژێر کارەبامان هەیە، ئەوەش بەشێوەیەکی پچڕپچڕ. بڕیار وابوو پرۆژەی رووناکی کارەبای بەردەواممان بۆ دابین بکات، بەڵام بڕێکی زۆر پارەمان لەپسوولەکان دا بۆ دێتەوە."
ئەم هاونیشتمانییە باسی لەخەرجیی دووکانەکەی کرد و گوتی: "مانگی رابردوو تەنیا بۆ دووکانەکەم 146 هەزار دینار پسوولەم بۆ گەڕاوەتەوە، لەکاتێک دا لەومانگە دا دوو جار پارەی مۆەلیدەم داوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە خەرجیی مۆەلیدە ئەهلییەکان بووەتە بارگرانییەکی گەورە، بەجۆرێک بۆ 150 کاژێر کارکردن بۆ هەر ئەمپێرێک 15 هەزار دینار لەهاووڵاتییان وەردەگیرێت.
لەبەرامبەر دا، حەقی رەشۆ هەرکی، بەڕێوەبەری ناحیەی کەورگۆسک، کێشەکەی بۆ رادیۆی رووداو روونکردەوە و گوتی: "تێکچوونی رەوشی کارەبا لەناحیەکە بۆ سووتانی فیدەرێکی سەرەکیی کارەبا لەوێستگەی خەبات دەگەڕێتەوە کە دابینکاری بەشێکی کارەبای کەورگۆسک بووە. ئێستا بارگرانییەکە خراوەتە سەر فیدەرەکانی دیکە، بەڵام توانای بەرگەگرتنی ئەو لۆدە زۆرەیان نییە."
بەڕێوەبەری ناحیەی کەورگۆسک جەختی لەهەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە کردەوە و گوتیشی: "داواکاری بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لەسەر چاککردنەوەی فیدەرەکە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەولێر کراوە. کارگێڕیی ناحیەکە لەسەر هێڵە تاوەکو ئەم کێشەیە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بێت و چیدیکە خەڵک رووبەڕووی بێکارەبایی نەبنەوە."



