رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی لە هەرێمی کوردستان باران دەبارێت. کەشناسێک دەڵێت، بارانەکە کەم بۆ مامناوەند دەبێت و تاوەکو شەممە بەردەوام دەبێت، بەڵام لە "دووشەممەوە شەپۆلێکی دیکەی باران ناوچە دەگرێتەوە و بارانی زیاتر دەبارێت".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمان پەڵەهەور دەبێت و خۆڵ و تۆزێکی "سووک" دەبێت. هەروەها بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما "کەمێک" نزم دەبێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە دەڵێت: "ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ هاتنی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای نێوەڕاست کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت و باران بە شێوەیەکی پچڕپچڕ و مامناوەند دەبارێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، "سبەی باران لە سنووری پارێزگای دهۆک دەبارێت، پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، پاشان بۆ کاتەکانی ئێوارە سنووری پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە بە شێوەی نمەباران، لەگەڵیدا خێرایی با زیاد دەبێت و بەهۆیەوە تۆزێکی سووک دەبێ".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سبەی پێنجشەممەوە تاوەکو شەممە بارانبارین و هەورەبرووسکەی ناوبەناو بە شێوەیەکی فراوان هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە و بە شێوەی کەم بۆ مامناوەند دەبێت".
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، "نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە و بارانی زیاتر دەبارێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە، جگە لە پارێزگای دهۆک نزمتر دەبێتەوە.
پلەی گەرمای سبەی:
هەولێر: 31 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 31 پلەی سیلیزی
دهۆک: 28 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 32 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 32 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 28 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 27 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 28 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 18 پلەی سیلیزی
سۆران: 27 پلەی سیلیزی
پیرمام: 26 پلەی سیلیزی



