رووداو دیجیتاڵ
دیاردەی زۆربوونی سەگی بێلانە لە قەزای پێنجوێن بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و مەترسی بۆ سەر ژیانی هاونیشتمانییان، بەتایبەت قوتابییان. لە کاتێک دا دانیشتووانی ناوچەکە داوای چارەسەری بەپەلە دەکەن، قایمقامی پێنجوێنیش رایدەگەیێنێت کە بەهۆی نەبوونی شێڵتەر و بودجەی پێویست، پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگەکان راوەستاوە.
ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی قوڕەڕەش و کانی مینا لەپێنجوێن، بەرادیۆی رووداویان راگەیاند: "دیاردەی سەگی بێلانە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە هەموو گەڕەکەکان مەترسی لەسەر ژیانی خۆمان و منداڵەکانمان دروست کردووە. نزیکەی 4 بۆ 5 ساڵە ئەم کێشەیە بەردەوامە و رۆژانە بە ترسەوە منداڵەکانمان بۆ خوێندنگە دەبەین."
ئەم هاونیشتمانییانە ئاماژەیان بەوەش کرد کە چەندین جار داواکارییان گەیاندووەتە شارەوانی و قایمقامییەت، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی نەکراوە. ئەوان داوا دەکەن بەرپرسان پێش روودانی هەر کارەساتێک مشووری ئەم دۆخە بخۆن، چونکە چیدیکە بێدەنگی دادیان نادات.
لە بەرامبەر دا، عەدنان کاکەڕەش، قایمقامی قەزای پێنجوێن، لەلێدوانێک دا بۆ رادیۆی رووداو باسی لەهەوڵەکانی پێشتریان کرد و گوتی: "پێشتر بەهاوکاریی خێرخوازێک و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانی و ڤێتێرنەری، لێژنەیەکمان پێکهێنا و نزیکەی 500 سەگی بێلانەمان کۆکردەوە و رەوانەی شێڵتەری سلێمانیمان کردن، بەڵام ئێستا شێڵتەری سلێمانی بەهۆی نەمانی شوێنەوە سەگی نوێمان لێ وەرناگرێت."
قایمقامی پێنجوێن ئاماژەی بەوە کرد، دروستکردنی شێڵتەر لەناو قەزاکە دا پێویستی بەبودجە و تێچووی زۆرە. ئەو روونیکردەوە: "داوامان لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەڵام پێیان راگەیاندووین کە پێویستە قەزاکە خۆی شێڵتەر دروست بکات؛ ئەمەش لەتوانای ئیدارەی ناوچەکە دا نییە و بێ بودجە ناتوانین ئەم قۆناخە ببڕین."



