رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای کۆیە باندێک رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە، لە ئەنجامدا سێ کارمەندی ئاسایش بریندار بوون. دوای رووبەڕووبوونەوەکە 5 ئەندامیی باندەکەش دەستگیرکران. بەگوێرەی زانیارییەکانیش، باندەکە بازرگانییان بە چەکەوە کردووە.
رووداوەکە، شەوی رابردوو لە گوندی سوێرەڵەی سەر بە قەزای کۆیە روویداوە.
شەممە 11ی تەممووزی 2026 سەرچاوەیەک لە ئاسایشی کۆیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو باندەی دەستگیرکراون، بازرگانییان بە چەکی بێ مۆڵەتەوە کردووە، هێزەکانی ئاسایشی کۆیە رووبەڕوویان بوونەتەوە و لە ئاکامدا 3 کارمەندمان بریندارن بوون."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، 5 لە ئەندامانی باندەکە دەستگیرکراون، "هیچ کام لە ئەندامانی باندەکە خەڵکی کۆیە نین، بەڵکو خەڵکی دوو شاری دیکەی هەرێمی کوردستانن."
دیار مەولوود، بەڕێوەبەری ئاسایشی کۆیە بە رووداوی گوت، "لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەستیپێکردووە و بەم نزیکانە وردەکاریی زیاتری بابەتەکە بۆ رای گشتی دەخەینەڕوو."
سەبارەت بە تەندروستی کارمەندە بریندارەکانیش، سەرچاوەیەک لە تەندورستیی کۆیە بە رووداوی گوت، "دوو لە بریندارەکان تەندروستییان جێگیرە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، ئەوەی دیکەشیان بۆ چارەسەر گوازراوەتەوە نەخۆشخانەیەکی هەولێر."



