رووداو دیجیتاڵ دانیشتووانی گەڕەکێکی قەزای عەنکاوە لە هەولێر گلەیی لە کێشەی ئاوی خواردنەوە دەکەن. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێریش رایدەگەیێنێت، هۆکارەکەی بۆ دانانی سیستمێکی نوێ لەلایەن کۆمپانیای هێمن گرووپ و بڕانی کارەبای وێستگەیەک دەگەڕێتەوە. چەند هاونیشتمانییەکی دانیشتووی عەنکاوە، بەتایبەت لە گەڕەکێکی نزیک شەقامی سۆمەر، بە رادیۆی رووداویان گوت: "ئەوە سێ رۆژە لەم گەرمای هاوینەدا ئاومان بۆ بەرنەدراوەتەوە بێئەوەی پێشوەختە ئاگادارمان بکەنەوە ئاویان بڕیوە. شەو و رۆژ چاوەڕێین بەڵام ئاو نییە، داواکارین لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو بەزوویی چارەسەری ئەم کێشەیە بکات." بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "ئەو شوێنە لەگەڵ سێ بۆ چوار شوێنی دیکە لە عەنکاوە دوو سێ رۆژە ئاویان لێ بڕاوە. چونکە کۆمپانیای هێمن گرووپ کە جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە، سەرقاڵی دانانی سیستمی سکادا (SCADA) بوون و پرۆسەکە سێ بۆ چوار رۆژی خایاندووە." بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، کارەکانی دانانی سیستمی سکادا لەلایەن کۆمپانیاکەوە تەواو بووە، بەڵام کێشەیەکی دیکە دروستبووە و دەڵێ: "پێش کاژێرێک دیسان کارەبا لە وێستگەی سێبیران بڕاوە. بۆیە تاوەکو کارەبا نەیەتەوە و بڕێکی باش ئاو نەنێردرێتە کۆگەکان، بەدیار ناکەوێت کەی ئاو دەگاتەوە ئەو گەڕەکانەی عەنکاوە." سکادا، سیستمێکی دیجیتاڵییە و کۆنترۆڵی کارپێکردنی قوفڵ و ترومپاکانی ئاو دەکات لەگەڵ دیاریکردنی بڕی گوشاری پەستانی ئاو کە ئەوەش وا دەکات کارئاسانیی زۆر لە دابەشکردنی ئاو هەبێت.
هەواڵە ناوخۆییەکان09-07-2026کۆمەڵگەی سەری بڵندی بنەسڵاوە 13 ساڵە بێ ئاون: 'زستانیش بە تەنکەر دەیکڕین'