رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی نەمسا لە عێراق کرد و ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوکاریی هاوبەش نیشان دا.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەکسل ڤێش، باڵیۆزی نوێی نەمسا لە عێراق، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی بۆ مێژووی پەیوەندییە دۆستانەکان و پشتیوانییە بەردەوامەکانی نەمسا دووپات کردەوە، هەروەها ئامادەیی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی کارەکانی باڵیۆزی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەربڕی.
لای خۆیەوە، ئەکسل ڤێش خۆشحاڵیی خۆی بە وەرگرتنی ئەرکەکەی نیشان دا و جەختی لە خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی ئاستی هاوکارییە هاوبەشەکان لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.
تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی نەمسا بوو.



