رووداو دیجیتاڵ
گۆیژ یەکێکە لەو بەرهەمە خۆڕسکانەی کە ساڵانە لە وەرزی پاییز و دوای بارانبارین پێدەگات، بەڵام ئەم ساڵ پێش بارانبارین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێ. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت: "ئەوەی هەیە ئێرانییە و تامی خۆش نییە".
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گۆیژی کوردستان پێ نەگەییوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە بازاڕەکان هەیە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێ و تامی وەک بەرهەمە خۆماڵییەکەی خۆمان خۆش نییە".
گۆیژ کە لە هەولێر و دەوروبەری گێوژی پێدەگوترێ، بە خۆڕسکانە لە سەرەتاکانی وەرزی پاییز و ناوچە کوێستانییەکاندا پێ دەگات و رەنگیان زەرد و سوورە، هەندێک رەنگی نارنجیش هەن و دارەکەی لە مەترێکەوە تاوەکو زیاتر لە سێ مەتر بەرز دەبێتەوە و لەگەڵ بارینی بارانی سەرەتای وەرزی پاییزیش بەتام دەبێ.
لەبارەی نرخەکەیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "بە کۆ لە عەلوە نمرە یەکی کیلۆی سێ هەزار دینارە، هەیە باش نییە 2 هەزار و 500 دینارە و خراپەکەیشی کیلۆی هەزار و 500 دینارە".
دەستپێکی باران بە نیشانەی تەواو پێگەیشتنی گۆیژ دادەنرێ، چونکە ئەو تۆز و خۆڵەی لە وەرزی هاوین و سەرەتای پاییزدا لەسەر گۆیژەکان دەنیشێ، کە بارانی پاییزی لێ دەدات پاکی دەکاتەوە و بەرگەکەی نەرمتر و تامەکەی خۆشتر دەکات.
هەروەها دەستپێکی باران و شێداربوونی هەوا و دابەزینی پلەی گەرما لەگەڵ یەکەم باران، دەبێتە هۆی ئەوەی رێژەی شەکری ناو میوەکە زاڵتربێت و تاڵ و ترشیی گۆیژ کەم بکاتەوە.
گۆیژ هاوردەی بازاڕەکانی سلێمانیش کراوە. سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی هەیە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێ، چەند رۆژێک لەمەوبەر بە کۆ کیلۆی شەش هەزار دینار بوو. ئێستا 3 هەزار و 500 دینارە".
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانیش ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گۆیژەی هەیە بەرهەمی نێوخۆ نییە، چونکە بارانی پاییزە لێی نەداوە و تامی سروشتیی خۆی نەگرتووە.



