رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بە تاشەبەردێک توونێلێکی گەورەی بەفر لە کوێستانی کێلەشین لە دەڤەری برادۆست تێکدەدات، کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە. بەڕێوەبەری ژینگەی سۆران دەڵێت، سبەی سکاڵا تۆمار دەکەن و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسە دەگرنەبەر.
ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندێکی سۆرانە و بە مۆبایلەکەی خۆی گرتە ڤیدیۆییەکەی تۆمارکردووە. تێیدا دەردەکەوێت بە بەردێکی گەورە توونێلێکی سرووشتیی بەفر دەشکێنێت.
رۆژی شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لایەنی پەیوەندیدارمان راسپاردووە، تاوەکو بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم بابەتە بکەن و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسە بگرنەبەر."
لە لایەکی دیکەوە، هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران بە رووداوی گوت: "ئێمە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی ژینگە و قایمقامی سیدەکان لەسەر هێڵین بۆ ئەم بابەتە. ئەو هاونیشتمانییە کارێکی خراپی کردووە، چونکە ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە و نزیکەی 1.5 ملیۆن بینەری هەبووە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی دیکە هان بدات بۆ کۆکردنەوەی لایک و ڤیو، کارێکی لەو شێوەیە دووبارە بکەنەوە."
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، سبەی سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسە تۆمار دەکەن و لەگەڵ پۆلیسی دارستان و ژینگە هاوئاهەنگی دەکەن تاوەکو راپێچی دادگە بکرێت. گوتیشی: "هەر کەسێک بەبێ بەرنامە دەستکاری ژینگە بکات و زیانی پێ بگەیێنێت، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە و دادگە سزاکەی دیاری دەکات."
لەبەرامبەردا ئەو گەنجەی ڤیدیۆی تێکدانی توونێلێکی بەفری لە کوێستانی کێلەشین بڵاوکردەوە و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، لە رێگەی رووداوەوە وەڵامی تۆمەتەکان دەداتەوە و دەڵێت: "بۆ پاراستنی گیانی منداڵ و ئاژەڵەکانمان ئەو کارەم کردووە نەک بۆ تێکدانی ژینگە."
دەلیل جەمیل، ئەو گەنجەی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، لەدایکبووی ساڵی 2000ـە و دانیشتووی دەڤەری برادۆستە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە چەندین ساڵە لەم کوێستانانە دەژین و خەریکی مەڕوماڵات و کەسابەتین، هەرگیز مەبەستمان تێکدانی ژینگە نەبووە و نیشتمانی خۆمان پاراستووە، بەڵام ئەم توونێلە بەفرە درزی بردبوو و مەترسیی لەسەر ژیانی منداڵ و ئاژەڵەکانمان دروستکردبوو."
ئەو گەنجە ئاماژە بەوە دەکات، کە مەترسیی ئەوە هەبووە لە هەر ساتێکدا تووونێلەکە بڕووخێت، چ کاتێک کەسێک بە سەریدا بڕوات یان لە ژێریدا بێت، هەربۆیە بڕیاریان داوە بیڕوخێنن. دەلیل دەڵێت: "لە کاتی رووخاندنی توونێلەکەدا زیان بە خۆشم گەیشتووە، پەراسووم درزی بردووە و قاچم ئازاری پێگەیشتووە."
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 6 کەس بە تۆمەتی سەرپێچیی ژینگەیی سزادراون و رەوانەی دادگە کراون.

.jpg&w=3840&q=75)

