رووداو دیجیتاڵ
دایک و باوکی ژمارەیەک لە قوتابییان و بەشێک لە مامۆستایانیش لە کۆمەڵگەی پەروەردەی کوردستان لە سلێمانی لە بڕیاری دوو دەوامی نیگەرانن.
کۆمەڵگەی پەروەردەی کوردستان لە سلێمانی پێکهاتووە لە باخچەی ساوایان، قۆناخی بنەڕەتی و ئامادەیی و خوێندن تێیدا بە زمانی ئینگلیزییە. کاتی دەوامکردنی رۆژانە لە کاژێر 08:00ی بەیانی دەستپێدەکات تاوەکو 02:00ی پاشنیوەڕۆ.
کۆمەڵگەکە تاکە کۆمەڵگەی حکومییە لە شاری سلێمانی کە خوێندن تێیدا بە زمانی ئینگلیزییە و خواستێکی زۆری لەسەرە.
عومەر مەجید، باوکی سێ منداڵ کە قوتابین لەو کۆمەڵگەیەدا بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی، "زۆرینەی دایک و باوکەکان بەم بڕیارە رازی نین. ئەم بڕیارە باش نییە. هەر شیفتێکی خوێندن دەبێتە چوار کاژێر و ئەمەش کوالێتیی خوێندن دادەبەزێنێ."
باوکی ئەو سێ منداڵەی ئەو قوتابخانەیە ئاماژەی بەوەش کرد، "چەند ساڵێک پێش ئێستا ئێمەی دایک و باوکی قوتابییان پارەمان کۆکردەوە و 5 ژوورمان بۆ ئەم کۆمەڵگەیە دروستکرد، بەڵام ئەمە چارەسەری گرفتەکەی نەکرد، ئەوەش بەهۆی وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر قوتابی لەم کۆمەڵگەیە. ئامارمان وەرگرتووە ساڵانە 100 بۆ 120 منداڵ وەردەگیرێن. ئەمەش بووەتە هۆکاری قەرەباڵخبوونی ئەم کۆمەڵگەیە."
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، "ئامادە نین قوتابییەکانمان بنێرینەوە بۆ قوتابخانە تاوەکو ئەم بابەتە چارەسەر نەکرێ. خۆم لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتی دانیشتووم."
هاوکات بەهمەن ئەحمەد، مامۆستای قۆناخی ئامادەیی کۆمەڵگەی کوردستان لە سلێمانی بە رووداوی گوت، "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمەڵگەکان، دەبێ کۆمەڵگەکە یەک دەوام بێت. ئێمە پێمان وایە جۆرێک بازرگانی بەم بابەتەوە دەکرێ، بۆ ئەوەی قوتابییان بنێرنە قوتابخانە تایبەتەکان، ئەمە لە کاتێکدایە نازانین ئەم بڕیارە بۆچی تەنیا بۆ کۆمەڵگەکەی ئێمە دەرچووە و لە هیچ شارێکی دیکە دەستکاریی سیستمی کۆمەڵگەکان ناکرێ. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بۆچی تەنیا لە سلێمانی؟"
ئەو مامۆستایە گوتیشی، "ئەم بڕیارە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەریکردووە و تەنیا بۆ سلێمانییە."
مامۆستا بەهمەن ئاماژەی بەوەش کرد، مامۆستایان واژۆیان کۆکردووەتەوە و ئامادە نین بەم شێوازە دەوام بکەن، بە هەمان شێوە دایک و باوکەکانیش ئامادە نین منداڵەکانیان بنێرنەوە پۆلەکانی خوێندن، تاوەکو ئەم بابەتە چارەسەر دەکرێ.
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەو بارەیەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "سێ کۆمەڵگەی پەروەردەیی لە سلێمانی دەوامیان بووەتە دوو دەوامی. یەکێکیان خوێندنی بە زمانی ئینگلیزییە و دوو دانەکەی دیکەش بە کوردی. ئێمە بە راوێژکردن لەگەڵ وەزیری پەروەردە بڕیارمان داوە."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی باسی لەوەش کرد، خواستێکی زۆری خوێندن لەم کۆمەڵگەیە هەیە، هەربۆیە بە راوێژ لەگەڵ وەزیری پەروەردە بڕیار دراوە کۆمەڵگەی پەروەردەی کوردستان بکرێتە دوو شیفت.
کۆمەڵگەی پەروەردەی کوردستان لقی لە شارەکانی هەولێر، سلیمانی، دهۆک و هەڵەبجە هەیە. باڵەخانەکەی لەلایەن کۆنسووڵخانەی کۆریاوە دروستکراوە.

.webp&w=3840&q=75)

