رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی لەسەر راگرتنی گەشتی کۆمپانیا ئێرانییەکان روونکردەوە دەدەن و دەڵێن، "گەشتەکان بەردەوامە و هیچ نووسراوێکمان بۆ نەهاتووە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026 ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا (دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق) لە راگرتنی گەشتی کۆمپانیا ئێرانییەکان ئاگاداری نەکردووینەتەوە و گەشتەکان وەک خۆی بەردەوامە."
سەبارەت بەوەی (دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق) سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراقی لە بڕیارەکە ئاگادارکردووەتەوە، ئەحمەد هۆشیار دەڵێ، "هەر بڕیار و نووسراوێکمان بۆ بێت پێوەی پابەند دەبین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمیمان بۆ نەهاتووە."
هاوکات هەر ئەمڕۆ رێباز محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوەڵەتیی جەلال تاڵەبانی بە رووداوی گوت، "راگرتنی گەشتی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق و وەزارەتی گواستنەوەیە، تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکمان بۆ نەهاتووە کە ئەو گەشتانە رابگرین."
رێباز ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک بڕیاری (دەسەڵاتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق) مەرج نییە بە نووسراو بێت، هەندێک جار بە تەلەفۆن یاخود پەیامێک فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەنەوە، "فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان پابەندی سەرجەم ئەو بڕیار و رێنماییە فەرمییانە دەبن کە لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقەوە دەردەچن."
ئەمڕۆ یەکشەممە سەرچاوەیەک لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا بڕیارەکە نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بەو پێیەی ئەمشەو چوارشەممە گەشتێکی ئاسمانی لە شاری مەشهەدی ئێرانەوە دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا."
ئەو سەرچاوەیەی رووداو روونیکردەوە، مەبەست لە بڕیارەکە ئەوە نییە رێگە نەدرێت فڕۆکە ئێرانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق بنیشنەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە هیچ خزمەتگوزارییەکی وەک پڕکردنەوەی بەنزین و چاککردنەوەی فڕۆکەکانیان پێشکێش نەکرێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، رۆژی 20ی ئەیلوول سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن بی سی) رایگەیاند، لە 23ی ئەیلوولەوە (رۆژی چوارشەممە) سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا دادەخرێن.
بێسێنت گوتی، "ئەگەر فڕۆکەکانی ئێران لە هەر فڕۆکەخانەیەک بنیشنەوە، رێگەیان پێنادرێت سووتەمەنییان پێبدرێت، ناتوانن خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان بۆ دابین بکەن و ناتوانن هیچ تیکتێکیان پێ بفرۆشن، بە پێچەوانەوە هەر کەس و لایەنێک ئەو کارە بکات، لە سیستمی دارایی دۆلاری ئەمریکی دەردەکرێت."



.webp&w=3840&q=75)