رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 15 رۆژ لەمەوبەر منداڵێکی تەمەن 3 ساڵ لە کاتی سەیران لەگەڵ خێزانەکەیدا، لە نزیک زێی چەمە لە سنووری قەزای ئاکرێ ون بووە. پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند، دایکی منداڵەکە سکاڵای لەسەر هاوژینەکەی تۆمارکردووە و گومان دەکات کاری ئەو بێت.
رۆژی شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، عیماد حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "نزیکەی 15 رۆژ پێش ئێستا خێزانێکی دانیشتووی هەولێر بۆ سەیران چوونەتە سەر زێی چەمە، سەرلەئێوارە منداڵەکەی دیار نامێنێ. دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ، بۆ ماوەی 6 رۆژ لەناو زێی چەمە لە سنووری بەردەڕەش گەڕان بەدوای منداڵەکە دا بەردەوام بوو، بەڵام هیچ سەرەداوێک دەستنەکەوت."
لەبارەی گۆڕانی ئاراستەی رووداوەکە و گومانی رفاندنی منداڵەکە، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ گوتی: "چوارشەممەی رابردوو، 01-07-2026، دایکی منداڵەکە هاتووەتە بنکەی پۆلیسی رۆڤیا و سکاڵای لەسەر مێردەکەی تۆمارکردووە. دایکەکە دەڵێ، گومانی هەیە مێردەکەی منداڵەکەیانی رفاندبێت."
عیماد حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ باوکی منداڵەکە دەرچووە، بەڵام خۆی ون کردووە، تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە، گەڕان بەدوایدا بەردەوامە و لە زووترین کاتدا دەستگیردەکرێت.
ئەو منداڵەی کە بێسەروشوێنە، ناوی (بەسام رەوا عەبدولقەهار)ـە و تەمەنی 3 ساڵە، خێزانەکەی (دایک و باوکی ئێستاش پێکەوە دەژین) دانیشتووی شاری هەولێرن و لە 26ـی مانگی رابردوو منداڵەکەیان لێ ون بوو.



