رووداو دیجیتاڵ
کچێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت و بە "سەماکار" ناسراوە، لە یەکێک لە پڕۆژەکانی هەولێر "خۆی خستە خوارەوە و گیانی لەدەستدا". پۆلیس لە زاری خوشکی کچەکەوە دەڵێ: "کچەکە سەرخۆش بووە".
موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کچەکە عەرەبە و لە نهۆمی چوارەمی یەکێک لە باڵەخانەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گەنجان لایف خۆی خستووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە".
کچەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە "مەلەک فارس" ناسراوە، بەڵام گوتەبێژی پۆلیس دەڵێ، خۆی ناوی عەزرا فارس رەزووقییە و لەدایکبووی 1998ـە و نیوەڕۆی دوێنێ خۆی خستووەتە خوارەوە.
عەزرا فارس لەگەڵ خوشکەکەی ژیاوە. موقەدەم کیفاح دەڵێت: "خوشکەکەی لە گوتەیدا بۆ پۆلیس دەڵی، عەزرا سەرخۆش بووە و خۆی خۆی فڕێداوەتە خوارەوە".
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، وێڕای گوتەی خوشکی عەزرا، ئەوان بۆ لێکۆڵینەوە چاوەڕوانی ئەنجامی پزیشکی دادی دەکەن.
تەرمی کچەکە رەوانەی دادپزیشکیی هەولێر کراوە و پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.


