رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە بوومەلەرزەیەک لەنێوان سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان روویدا. بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی دەڵێ، "بەگوێرەی پلەکەی هەستی پێدەکرێ، بەڵام زیانی نییە".
جەوهەر حەمەلاو، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بوومەلەرزەکە لە قوڵایی هەشت کیلۆمەتر لە زنجیرە چیای بەمۆ ریداوە و پلەکەی 3.7 پلەی رێختەر بووە".
زنجیرە چیای بەمۆ لە هەرێمی کوردستان بەشێکی دەکەوێتە سنووری قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی و بەشێکی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە، هەروەها لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای کرماشان. جەوهەر حەمەلاو گوتی: "چەقی بوومەلەرزەکە کەوتووەتە دیوی ئێرانەوە".
بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی گوتی: "لەو ناوچەیەدا ئەو جۆرە بوومەلەرزانە دووبارە دەبنەوە، ئەگەر گوڕەکەی لەو ئاستەدابێ هیچ مەترسی نییە، بەڵام بگاتە پێنج پلەی رێختەر زیانی دەبێ".
جەوهەر حەمەلاو ئاماژەی بەوەشکرد، "بوومەلەرزە لە سەرووی سێ پلەوە هەستی پێدەکرێ ئەگەر قوڵییەکەی وەکو ئەوەی ئەمڕۆ نزیک بێت لە 10 کیلۆمەتر".


.jpg&w=3840&q=75)