رووداو دیجیتاڵ
گەنجێک لە سنووری ناحیەی پردێ لە پارێزگای کەرکووک زیاتر لە 10 کاژێرە بێ سەروشوێنە و هیچ سۆراخێکی نییە. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێ، تەنیا ئۆتۆمبێلەکەی دۆزراوەتەوە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.
عەقید عامر نەریمان، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاژێر 22:00ی شەوی هەینی 03-07-2026ـوە گەنجێکی خەڵکی گوندی یارمجەی ناحیەی پردێ بە ناوی هەردی زەینەڵ بێسەروشوێنە.
بەگوتەی عەقید عامر نەریمان، کەسوکاری گەنجەکە رایانگەیاندووە، ویستوویەتی بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی چەند کرێکارێک بگەیێنێتەوە ماڵەوە کە کاریان بۆی کردووە، بەڵام دواتر دیار نەماوە و نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، بەیانیی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلی هەردی زەینەڵ کە لە جۆری پیکابە لە سنووری پردێ لە نزیک گوندی کتکە دۆزراوەتەوە، بەڵام هیچ سەرەداوێک لەسەر خۆی بەردەست نییە.
سەبارەت بە هۆکاری دیارنەمانی هەردی زەینەڵ و دەنگۆی ''رفاندن''ـی لەلایەن داعشەوە گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی: ''هێشتا هیچ شتێک روون نییە. لەوانەیە بابەتەکە پارە یان شتی لەو شێوەیە بێت، بەڵام هەوڵ دەدەین بە زووترین کات بدۆزرێتەوە.''



.jpg&w=3840&q=75)