رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، هەناردەی بەرهەمی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ 4 هەزار تۆنی رۆژانە بەرز بووەتەوە.
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگیی کشتوکاڵی لە هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 03ـی تەمموز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەو چوار هەزار تۆنەی رۆژانە هەناردەی دەکەین زۆرینەی شووتییە، کە رۆژانە دەگاتە دوو هەزار تۆن".
بەرپرسی چاودێریی گومرگیی کشتوکاڵی لە هەولێر گوتیشی: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، 117 هەزار تۆن بەرهەمی خۆماڵیمان رەوانەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە".
ئەو بەرهەمانەی لە وەرزی پێگەیشتندا لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێن بریتین لە: تەماتە، شووتی، خەیار، پیاز، کاڵەک، بیبەر، ترۆزی، چەندەر، کەلەرم، خاس، کوولەکە، باینخان، شێلم، پیاز، پاقلە و پیازی تەڕ.
هۆشیار جەلیل گوتی، مانگی رابردوو ئاستەنگ بۆ هەناردەکردنی بەشێکی بەرهەمی خۆماڵی و بەتایبەت پیاز دروستکرا ببرێتە پارێزگاکانی عێراق، بەڵام دوای هاتنە سەر هێڵی لایەنی بەرپرس لە هەرێمی کوردستان، ئاستەنگییەکان لابراون و هەناردەکردن ئاسایی بووەتەوە.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بۆ رووداو، لە پێنج مانگی ئەم ساڵدا 20 هەزار و 366 تۆن سەوزە و میوەیان هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە، لە مانگی شەشیشدا رۆژانە زیاتر لە 300 تۆنیان هەناردە کردووە.
هەروەها بە گوێرەی عەلوەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ رووداو، رۆژانە زیاتر لە 600 تۆن بەرهەمی خۆماڵی ئەو دوو پاریزگایە رەوانەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێ.



