رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی کەرکووک دوای گەڕانەوەی لە "دۆزەخی لیبیا"، چیرۆکی رفاندن و فێڵکردن لێی لەلایەن قاچاخچییەکەوە بۆ رادیۆی رووداو دەگێڕێتەوە. ئەو دەڵێت، بۆ دابینکردنی تێچووی گەشتەکە تاکسییەکەی فرۆشتووە، بەڵام لە جیاتی ئەورووپا، خۆی و هاوژین و منداڵە 5 ساڵانەکەی لە ژێرزەوینێکی چۆڵەوانییەکانی لیبیادا لە ژێر دەستی گرووپە چەکدارەکاندا بینیوەتەوە.
ئەحمەد حەسەن محەمەد، تەمەن 38 ساڵ، پێشتر شۆفێری تاکسی بووە لە کەرکووک، باس لە چۆنیەتیی کەوتنە داوی ئەو قاچاخچییەوە دەکات و دەڵێت: "لەسەرەتادا لە رێگەی ریکلامەکانی تیکتۆک، فەیسبووک و ئینستاگرامەوە کابرایەکی قاچاخچیم ناسی بە ناوی (ع) کە خەڵکی کەرکووکە. بەڵێنی پێ دام بە شێوازێکی فەرمی و یاسایی لە رێگەی ڤیزای کارەوە بماننێرێتە لیبیا و لەوێشەوە بۆ ئیتالیا".
ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات، بۆ ئەم مەبەستە بڕی 90 وەرەقە 9,000 دۆلاری داوەتە قاچاخچییەکە، کە پارەی فرۆشتنی تاکسییەکەی بووە، بەڵام هەر لەگەڵ گەیشتنیان بە لیبیا لە رێککەوتی 23ی کانوونی یەکەمی 2025، قاچاخچییەکە مۆبایلەکەی دادەخات و ئەوان رادەستی هاوبەشە لیبیـیەکەی خۆی دەکات.
ئەو هاونیشتمانییە کەرکووکییە لە گێڕانەوەی نەهامەتییەکانیاندا دەڵێت: خۆم و هاوژین و کوڕە 5 ساڵانەکەم، بۆ ماوەی 6 مانگ لە لیبیا ماینەوە، ماوەیەکی زۆر لە ژوورێکی تاریک و ژێرزەمینێکدا لە ناوچەی عەجیلات لەلایەن هاوبەشی قاچاخچییەکەوە بەند کرابووین. چەندین جار چەکدارەکان بە سەرخۆشی دەهاتنە سەرمان؛ باری دەروونیی کوڕە بچووکەکەم و خێزانم بە تەواوی تێکچوو و خەریک بوو لە برسا بمرین. ئەحمەد روونی کردەوە ئەوان لە بەنغازییەوە بۆ تەرابلووس، پاشان بۆ سەبراتە و لەوێشەوە بۆ چۆڵەوانییەکانی عەجیلات گوێزراونەتەوە، کە نزیکەی 1,100 کیلۆمەتر لە شارەوە دوور بووە.
دوای ماوەیەک، ئەحمەد و خێزانەکەی دەتوانن رابکەن و پەنا بۆ خێزانێکی عەرەبی لیبی ببەن. ئەو خێزانە داڵدەیان دەدەن و دوای بڕینی تکتی فڕۆکە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دەگەڕێنەوە کەرکووک. ئەحمەد حەسەن جەختی کردەوە کە ئێستا هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکان و ڤیدیۆی ئەو شوێنەی لایە و سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە. ئەو دەڵێت: تەنیا ئامانجم ئەوەیە ئەو فێڵەی لە من کراوە لە خەڵکی دیکە نەکرێت و چیدیکە کەس نەکەوێتە داوی ئەو باندانە، چونکە مەترسیی سەر ژیان زۆرە و گەیشتووەتە لووتکە.
.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)