رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا تیروپشک بۆ ناوی ئەو هاونیشتمانییانە بکرێ کە بۆ حەجی ساڵی داهاتوو ناویان تۆمارکردووە. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێ، تیروپشکەکە ناخرێتە مانگی داهاتوو.
رۆژی یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەندێک وردەکاری مابوو، خەریکی تەواوکردنی ئەوانەین، بەڵام ناکەوێتە مانگی تشرینی یەکەم و لەم مانگەدا تیروپشکی ناوی حاجییان دەکرێت".
ناونووسین بۆ حەج، ئەم ساڵ 21ی تەممووز دەستیپێکرد و 10ی ئاب کۆتاییهات. کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "وردبینییەکانمان تەواوکردوون و ناردوومانە بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری".
لەبارەی ئامادەکارییەکانەوە ستوونی دەڵێ: "ئێستا هەندێک ئامادەکاری لای فەرمانگەکە ماوە و رۆژەکەی دیاری دەکەن، بەم نزیکانە و لە چەند رۆژی داهاتوودا تیروپشکی ناوی حاجیان دەکرێت".
بەگشتی ئەم ساڵ 120 هەزار و 142 کەس ناویان تۆمارکردووە بچنە حەج. لەو ژمارەیە 116 هەزار و 693یان وەکو هاونیشتمانیی ئاسایی ناویان تۆمارکردووە؛ 602 مورشیدی ئایینی، 255 کۆمپانیا وەکو سەرقافڵە، 243 پزیشک و 2340 کەسیش وەک کەسوکاری شەهیدان ناویان تۆمارکردووە.
پار ناونووسین بۆ حەج، لە 11ی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ی هەمان مانگ کۆتایی هات. زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکارییان لەڕێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پڕکردەوە، لەو ژمارەیە 5120 کەس بە تیروپشک ناویان دەرچوو.
بۆ حەجی ساڵی 2026، 7ی ئایار یەکەم گەشتی حاجییان لە هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد و دوایین گەشت 17ی ئایار بوو.




