رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی گەرمیان دەڵێ، بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی سەندیکای پزیشکی دەرمانسازییان نەبووە، لە سێ مانگدا 24 دەرمانخانە لە گەرمیان داخراون و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی ئەیلوولی 2026 ئازاد حەمەفەرەج، گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان بە رووداوی گوت: "لەسەر رێنمایی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکمان دەستپێکردووە بۆ داخستنی ئەو دەرمانخانانەی مۆڵەتی سەندیکای پزیشکانی دەرمانسازییان نییە".
گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان روونی کردەوە بەشی زۆری ئەو دەرمانخانەی داخراون مۆڵەتی سەندیکای کارمەندانی تەندروستییان هەبووە، بەڵام بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، دەبێت سەرجەم دەرمانخانەکانی مۆڵەتی سەندیکای پزیشکانی دەرمانسازیشیان هەبێت.
هەڵمەتی داخستنی دەرمانخانەکان لە گەرمیان سێ مانگە دەستیپێکردووە. لەو سێ مانگەدا 24 دەرمانخانە داخراون و تەنیا دوو دەرمانخانە دوای وەرگرتنی مۆڵەتی سەندیکای پزیشکانی دەرمانساز کراوەنەتەوە.
گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان گوتی: "بەگوێرەی ئەو رێنماییانەی وەزارەتی تەندروستیی ساڵانە بۆمان دەنێرێ، نابێت هیچ کارمەندێکی تەندروستیی بەبێ بوونی پزیشکی دەرمانساز و مۆڵەتی پزیشکانی دەرمانساز دەرمان و پێداویستی پزیشکیی بداتە هاونیشتمانییان".
ئازاد حەمەفەرەج دەڵێت: "رۆژانە لیژنەکانمان سەردانی دەرمانخانەکانی گەرمیان دەکەن و هەر دەرمانخانەیەک مۆڵەتی سەندیکای پزیشکان و پزیشکی دەرمانسازی نەبێت، دادەخرێ".



