رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسی راگەیاند، رێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی زیندانییانی سیاسی لەگەڵ عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیران تەواو بووە و تەنیا ماوە نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی بکەن؛ هەروەها بڕیارە شاندی کوردستان سبەی لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق کۆ ببێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 01ـی تەممووزی 2026، ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندەکەمان بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە بەغدایە و کۆبوونەوەکانمان بەردەوامن. دوێنێ و ئەمڕۆ کۆ بووینەوە و سبەیش درێژەیان دەبێت."
لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ، ئەحمەد مام رەسوڵ گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆ بووینەوە و زۆر ئەرێنی بوو، رێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی زیندانییانی سیاسی لەگەڵ عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیران تەواو بووە، تەنیا ئەوە ماوە نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی بکرێت."
لەبارەی کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، ئەحمەد مام رەسوڵ دەڵێت: "جارێ لە بەغدا دەمێنینەوە تاوەکو بزانین رێکارەکان بە کوێ دەگەن. چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو رێکارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق دەست پێ بکات و بە زووترین کات ئەو بڕیارە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
ماوەی چەند رۆژێکە شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پرسی هاوتاکردنی مووچەی زیندانییانی سیاسی و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەندیدار بە ماف و شایستەکانیان لە بەغدایە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە.
ئێستا مووچەی زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە، بەڵام بە گوتەی ئەحمەد مام رەسوڵ: "ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، مووچەکە دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار و هەموو مافەکانی زیندانییانی سیاسیی عێراق، زیندانییانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 25 هەزار و 618 زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاست کراونەتەوە. لەو ژمارەیەش 5,216 کەسیان ئێستا لە مووچە سوودمەند بوون. 17 هەزار دۆسیەی دیکە ئامادە کراون، بەڵام هێشتا وردبینییان بۆ نەکراوە.
.jpg&w=3840&q=75)



.jpg&w=3840&q=75)