رووداو دیجیتاڵ
سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ دوای سێ رۆژ کۆتاییهات. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزاکە دەڵێ، 74 هەزار گەشتیار سەردانیان کردووە و 70 تۆن بەرهەمی جۆراوجۆری نێوخۆیی فرۆشراون، کە داهاتەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە 401 ملیۆن دینار.
شەوی شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی قەزای ئاکرێ کۆتاییهات کە لە 17ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکردبوو و بۆ سێ رۆژ بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا 74 هەزار گەشتیار لە دەرەوەی قەزای ئاکرێ سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ سەبارەت بە بڕی بەرهەمە ساخکراوەکان گوتی: "لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا، 70 تۆن بەرهەمی جۆراوجۆری جووتیاران فرۆشراون کە زۆرترینیان برنج، هەنجیر، سماق و تەحین بوون؛ بە جۆرێک 18 تۆن برنج، 12 تۆن هەنجیر، نزیکەی 7 تۆن سماق، 8 تۆن تەحین و 25 تۆنیش بەرهەمە خۆماڵییەکانی دیکە بوون."
پار نزیکەی 40 هەزار گەشتیار و سەردانکەر سەردانی فێستڤاڵەکەیان کرد. فازڵ مستەفا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ساڵ ئامادەکاریی فراوانتر و باشتر کرابوو، ئەوەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی ژمارەی سەردانیکاران و گەشتیاران بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات. گوتیشی: "داهاتی فێستیڤاڵەکە تەنیا لە رێگەی فرۆشتنی بەرهەمی ناو خێوەتەکانەوە (بێجگە لە فرۆشی دەرەوەی خێوەتەکان) گەیشتە 401 ملیۆن دینار."
لەبارەی ئاماری گەشتیارانەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لە هاونیشتمانییانی نێوخۆ، 600 کەسیش لە دەرەوە سەردانی سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێیان کردووە.
یەکەمین جار ئەم فێستیڤاڵە لە رۆژی 03-09-2023 بەڕێوەچوو و تاوەکو کاژێر 11:00ـی شەو بەردەوام بوو، کە تێیدا 20 بەرهەمی جیاوازی ناوچەکە خرانەڕوو. بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ.

_(1).webp&w=3840&q=75)
