رووداو دیجیتاڵ
دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەست بە رێکارەکانی دابینکردنی پارە و دابەشکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دەکات، سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتەکە دەڵێ، بڕیارە رۆژی دووشەممە مووچەکانیان دابەشبکرێت.
رۆژی شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەفتەیە و دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، دەست بە رێکارەکان دەکەین تاوەکو بتوانین لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش بکەین کە لەسەر داهاتی ناوخۆیە."
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد:"دەست بە ئامادەکاری کراوە و هەموو هەوڵێک دەدەین کە رۆژی دووشەممە تاوەکو کۆتای هەفتە مووچەکانیان دابەش بکرێت".
هاوکات کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە لە سبەیەوە هەوڵەکان بۆ دابینکردنی پارە و دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دەستپێدەکەن.
ئەو نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست گوتی، بۆ پێدانی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست پێویستیان بە نزیکەی 18 ملیار دینارە و گوتی: "بەپێی زانیارییەکان، لە پرۆژەی داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبا نزیکەی 800 هەزار هاووڵاتی بەشدارییان کردووە و داهاتێکی باش بۆ داهاتی ناوخۆ کۆکراوەتەوە؛ بۆیە پێشبینی دەکەین لە سەرەتا یان ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش بکرێت."
رۆژی 14ـی ئەیلوول، وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی ئابـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند و لە 15ـی ئەیلوول دەست بە دابەشکردنی کرا، ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئەیلوولیش دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان کۆتاییهات.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 86 هەزار گرێبەست هەن، لەو ژمارەیە زیاتر لە 30 هەزاریان مانگانە لەلایەن عێراقەوە مووچەکانیان دابین دەکرێت و ئەوانەی دیکە لەسەر داهاتی نێوخۆی هەرێـمی کوردستان مووچەکانیان دابین دەکرێت.
_(1).webp&w=3840&q=75)



