رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە دەست بە پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی سپیلک - قەندیل بکرێت. پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت کە پڕۆژەکە بە دیزاینێکی سەردەمیانە جێبەجێ دەکرێت و زۆر لە ئاستەنگییەکانی هاتووچۆ چارەسەر دەکات.
رۆژی شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە لە رێی دیزاینێکی سەردەمیانەوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت. رێگەکەش وەک شادەماری بەستنەوەی پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەروازە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەژمار دەکرێت."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، کە پڕۆژەکە بە چەند قۆناخێک جێبەجێ دەکرێت و دەستپێکردنی دەکەوێتە دوای تەواوبوونی کارەکانی تونێل و رێگەی میراوە و ماوەران.
لەلایەکی دیکەوە، سەبارەت بە کارکردن لە قۆناخەکانی ئێستا و وادەی دەستپێکردنی پڕۆژەکە، هەڵگورد وەلی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی دروستکردنی رێگەی کۆڕێ – شەقڵاوە - قەندیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا کارەکانی تونێلی ماوەران تەواو نەبوون و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا تەواو بکرێت، تونێلی میراوەش کارەکانی تەواو بوون، بەڵام رێگەکەی هێشتا تەواو نەکراوە."
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە گوتی، کە دووسایدکردنی رێگەی سپیلک – قەندیل دەکەوێتە دوای تەواوبوونی ئەو دوو پڕۆژەیە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا و باسی لەوەشکرد: "تاوەکو ئێستا بودجەی پێویستی بۆ تەرخان نەکراوە و تەنیا لە پلاندا دانراوە، بەڵام لە قۆناخەکانی داهاتوودا سەرجەم ئەو رێگایانە دەکرێنە دووساید."

_(1).webp&w=3840&q=75)
