رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسێکی ناوخۆ لەسەر میلاکی هەرێمی کوردستان لە شاری خانەقین رایدەگەیێنێت کە لەلایەن لێپرسراوەکەیەوە بە کوتەک لێی دراوە و سووکایەتی پێکراوە؛ لە بەرامبەردا لێپرسراوەکەی سەرجەم تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، کێشەکە تەنیا پەیوەندی بە دەوامنەکردنی ئەو پۆلیسەوە هەیە و دۆسیەکە ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆیە.
محەممەد فوئاد شەوکەت (36 ساڵ)، کە پۆلیسە و لە خانەقین دەوام دەکات، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، باوکم وێنەیەکی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر دووکانەکەمان هەڵواسیبوو. لەسەر ئەم بابەتە مفەوەزێکی پۆلیس بەناوی (عیماد ئەحمەد)، تەلەفۆنی بۆ کردم و هەڕەشەی لێکردم کە وێنەکە لابدەم."
ئەو پۆلیسە دەشڵێت: "دوای هەڵبژاردن لە کۆبوونەوەیەکدا، منی گواستەوە بۆ بنکەیەکی پۆلیسی لە (کەڵات) و لەوێ ویستی لێم بدات، بەڵام هاوڕێکانم نەیانهێشت. من لە ساڵی 2025وە لەسەر ئەم ستەمە سکاڵام تۆمار کردووە و وەزیری ناوخۆش لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە، چاوەڕێی ئەنجام دەکەین و داواکارم دادگە و لایەنی پەیوەندیدار کێشەکەم زوو یەکلا بکەنەوە."
بەڵام مفەوەز عیماد ئەحمەد، قسەکانی ئەو پۆلیسەی رەتکردەوە و بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "ئەو کەسە راست ناکات. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو ساڵ و نیوێکە دەوام ناکات، کاتێکیش پێیدەڵێم وەرە دەوام بکە، بەزم و هەرا دروست دەکات و دەڵێت لەبەر ئەوەی پارتیم کێشەم بۆ دروست دەکرێت."
مفەوەز عیماد ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆسیەکە رێڕۆی یاسایی گرتووەتەبەر و گوتی: "کێشەکە کێشەیەکی سەربازییە، خۆی چوو لە وەزارەتی ناوخۆ سکاڵای تۆمار کرد، ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوە لە وەزارەت پێکهێنرا و ئێمەش چووین قسە و گوتەی خۆمان و شایەتەکانمان داوە. ئێمە ئامادەی هەر بڕیارێکی یاسایین، چونکە یاسا لە سەروو هەمووانەوەیە."

.jpg&w=3840&q=75)

