رووداو دیجیتاڵ
تەماتە و شوتی نێوخۆ گەیشتووەتە عەلوەی سلێمانی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، زۆرینەی بەرهەمەکان پێداویستی نێوخۆ پڕدەکەنەوە، نرخی کیلۆیەکیان کەمترە لە 500 دینار و ئەوەش لە بەرژەوەندی جووتیاران نییە.
ئەمڕۆ 30ـی حوزەیرانی 2026 سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا بەروبوومی نێوخۆیی بەتەواوی پێگەیشتووە و پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتییان دابین دەکات، بەتایبەت سەوزە کە هەمووی بەرهەمی نێوخۆیین بە تایبەتی تەماتە، خەیار، کولەکە، شوتی، فاسۆلیا، پەتاتە و پیاز بە رێژەیەکی زۆر لە بازاڕدا هەن".
بە گوتەی سەروەر عەلی، بەروبوومی میوەکانی وەک هەنجیر، ترێ، سێو و قۆخ لە قۆناخی پێگەیشتندان، ئەم ساڵیش بەهۆی سەرماوە بەرهەمی پێگەیشتنی هەندێک لە میوەکان دواکەوتووە و بەرهەمیشیان کەمە.
لەبارەی نرخی بەروبوومە خۆماڵییەکان، سەروەر عەلی گوتی: "نرخی بەرهەمەکان زۆر هەرزانە، بۆ نموونە کیلۆیەک تەماتە لە عەلوە بە 300 بۆ 350 دینارە، ئەم نرخە تێچووی بەرهەمهێنانەکەی دەرناهێنێتەوە، چونکە ئەمساڵ تێچووی بەرهەمهێنان بەهۆی زیادبوونی نرخی سووتەمەنی، دەرمان، پلاستیک و کرێی گواستنەوە زۆر بەرزبووەتەوە."
سەروەر عەلی داوای لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، پشتیوانی جووتیاران بکەن، تاوەکو بتوانن بەردەوام بن لە بەرهەمهێنان و دەڵێت: "بەم نرخەی ئێستای میوە و سەوزەکان لە بازاڕەکان، جووتیاران ناتوانن تەنانەت تێچووی سەرەتایی بەرهەمەکانیشیان دەستبکەوێتەوە".
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)