رووداو دیجیتاڵ
تەرمی ئەندامێکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە هۆتێلێکی هەولێر دۆزرایەوە. ئەندامێکی سەرکردایەتیی حیزبەکە دەڵێ، چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەی لایەنی ئەمنی دەکەن.
ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 28-06-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، ئەندامی رێکخستنی نێو شارمان بووە."
بەرپرسێکی دیکە لە پارتی ئازادیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو ئەندامەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە بە دەمانچەی بێدەنگ و چەقۆ کوژراوە."
ئەو کەسەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە ناوی سۆران محەممەد زادەیە و لەنێو شاری هەولێر ژیاوە. خالیدیان گوتی، "ئێمە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانین کە بزانین روووداوەکە چۆن روویداوە."
ئەدیب خالیدیان گوتی، "دڵنیاین سۆران محەممەد زادە لەلایەن ئێرانەوە تیرۆرکراوە، چونکە پێشتر کاری هاوشێوەیان کردووە."
تەرمەکە دوێنێ شەممە دۆزراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی رووداوەکە دەکەن.
پارتی ئازادیی کوردستان یەکێکە لە حیزبە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بارەگای فەرمییان لە هەرێمی کوردستانە.



