رووداو دیجیتاڵ
د. کەمال شاکر، سکرتێری پێشووتری حیزبی شیوعی کوردستان و وەزیری تەندروستی لە سێ کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد.
هیوا عومەر، جێگری سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 09:30ی شەوی چوارشەممە 16-09-2026 بەداخەوە د. کەمال شاکر کۆچی دوایی کرد".
لەبارەی هۆکاری مردنەکەی هیوا عومەر گوتی: "لە ماڵی خۆیان بووە و لەپڕ تەندروستیی تێکچووە، گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و لەوێ گیانی لەدەستداوە".
جێگری سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، د. کەمال شاکر، پێشتر نەخۆش بووە، بەڵام تەندروستیی باش بووە و مردنەکەی پەیوەندیی بە نەخۆشیی پێشوویەوە نییە و چاوەڕوانی راپۆرتی پزیشکین بۆ زانینی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی.
کەمال شاکر دوو خول سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان بووە و تاوەکو ساڵی 2017 لە پۆستەکەی ماوەتەوە، هەروەها یەکەم وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە کابینەکانی یەک، دوو و سێ.
هەروەها ساڵی 2004 تاوەکو 2005 ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمەڵەی نیشتمانی عێراق (پەرلەمانی کاتی) بووە.



